سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل : سەرۆکایەتی ترامپ ڕێڕەوی تایبەتی بۆ هێرش کردنە سەر ئێران خۆش کرد

پەیامی کورد ... سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل : سەرۆکایەتی ترامپ ڕێڕەوی تایبەتی بۆ هێرش کردنە سەر ئێران خۆش کرد
چوار سەرچاوەی ئێستا و پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە هێرشی ئەو ووڵاتە بۆ سەر ئێران لە مانگی جۆزەردان، دوای چەندین ساڵ لە پلاندانان، کاتێک هاتە بواری جێ بەجێکردن ەوە کە چەند هۆکارێکی سەرەکی لەوانەش هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ وەک سەرکۆماری ئەمریکا، کۆتایی هاتنی وادەی ٦٠ ڕۆژە بۆ دانووستانە ئەتۆمییەکان و هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هاوکات هاتنە ئاراوە.
سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل کە بەهۆی نیگەرانی ئەمنییەوە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، سێشەممە ١٢ی ئاگۆست بە ''یۆرۆنیووز''یان ووت، مووساد پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە هەل ومەرجی پێویستی ستراتێژی و سیاسی تاوتوێ کردبوو.
ئەو هەل ومەرجانە بریتی بوون لە پەرەسەندنی شەڕی نیابەتی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل و هەڵبژاردنی ترامپ وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا و ئەو کەش وهەوایەی کە لە دانووستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ڕۆژاوا درووست ببوو.
بە ووتەی ئەو سەرچاوانە ئامانج ئەوە بوو کە ئیسرائیل لە یەکەم ڕۆژەکانی شەڕدا کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر دۆخەکەدا هەبێت و کەمترین زیانی گیانی لە ناوخۆدا هەبێت و باڵادەستی تەواوی بەسەر ئاسمانی ئێران دا هەبێت.
سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیسرائیل ساڵانێکە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، سێناریۆی هێرشکردنە سەر ڕێژیمی ئێران ئامادە دەکات.
سەرچاوەیەکی پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل بە ''یۆرۆنیووز''ی ڕاگەیاندووە، ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بایە، ئەگەری هەبوو ئیسرائیل هێرشی کردبایەتە سەر دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی ئێرانیش.
سەرچاوەیەکی دیکەی هەواڵگری ئیسرائیل ووتی : ''ئەو ووڵاتە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئاسمانی ئێران دا دەپارێزێت بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەتوانێت توانا لەنێوچووەکانی خۆی بونیات بنێتەوە.''





