شەرع داوا لە ئیسرائیل دەکات لە خاکی سوریا بکشێتەوە

پەیامی کورد- دیمەشق
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ئینتقالی سوریا داوای لە ئیسرائیل کرد "لە هەموو خاڵێک کە داگیری کردووە" پاش 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بکشێتەوە.
شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "٦٠ خولەک"ی کەناڵی سی بی ئێس، باسی لەوە کرد کە لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی دیمەشقەوە هیچ ئیستفزازییەکی بەرامبەر بە ئیسرائیل ئەنجام نەداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە سەقامگیری سوریا وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ناوچەکە سەیر بکرێت نەک وەک هەڕەشە.
شەرع ئاماژەی بە بۆردومانەکەی ئیسرائیل کرد کە لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا کۆشکی سەرۆکایەتیی کردە ئامانج و وتی: ئیسرائیل دووجار کۆشکی سەرۆکایەتی کردە ئامانج، جارێک لە کاتێکدا من لەوێ بووم.
ڕوونیشیکردەوە: بۆردومانەکەی ئیسرائیل پەیام نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی جەنگە، سوریا بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا نییە لەگەڵ هیچ لایەنێک، بەڵام چاوپۆشی لە هێرشەکانی سەر سەروەری وڵاتەکەی ناکات.
لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵە ئەمریکییەکەدا سەبارەت بە ڕابردووی سەرۆکی سوریا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەلقاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، شەرع ڕەتیکردەوە هیچ ڕێککەوتنێکی پێشوەختە لەگەڵ داعشدا هەبێت و دەڵێت "ئەگەر لەگەڵیان ڕێککەوتبام، وازم لێ نەدەهێنا".
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەو ڕێکخراوەی کە سەرکردایەتی دەکات هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەنجام نەداوە و تەنیا ڕژێمی پێشووی سوریای کردووەتە ئامانج.





