ناتانیاهۆ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی دانوستان لەگەڵ سوریا دەکات

پەیاما کورد- دیمەشق
به ڕپرسێکی ئیسرائیلی دوێنێ شەممه ڕایگەیاند، سبەینێ یەکشەممه بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆ له بارەی دانوستان له گەڵ سووریا دەکات.
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە: بڕیارە سبەینێ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆیەکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ سوریا ئەنجام بدات.
ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا ڕایگەیاند، دانوستانەکانی بەنێوەندگیری ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا واژۆ بکرێت.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی میللییەتی تورکی زیادی کرد: هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک بە مانای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تەلئەبیب نییە.
چوارشەممەی ڕابردوو دوو سەرچاوەی پلە باڵا بە کەناڵێکی ئیسرائیلیان ڕاگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان ئیسرائیل و سوریا، کەلێنی قووڵ لە نێوان هەردوولادا ماون.
لەم چوارچێوەیەدا کۆمپانیای پەخشی ئیسرائیلی ڕاپۆرتی دا کە واشنتۆن فشار دەخاتە سەر بۆ کەمکردنەوەی کەلێنەکانی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و سوریا. ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە ڕایگەیاندووە: فشارەکانی ئەمریکا پێشکەوتنی لە دانوستانەکاندا بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ڕێککەوتنەکە پێنەگەیشتووە.





