ناتانیاهۆ: سەرۆک ترامپ جیهانی کردووە بە شوێنێکی باشتر و گەورەترین دۆستی ئیسرائیلە

پەیاما کورد- دیمەشق
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، دۆستایەتی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا لە ئاشتی زیاترە بۆ تەکنەلۆجیا و ئابووری.
دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە قەتەر کردبووە ئامانج، ڕۆژی شەممە مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلی کرد.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ نەتانیاهۆ ڕوبیۆ ئاماژەی کرد، "حەماس ناتوانێت درێژە بە چالاکییە چەکدارییەکانی بدات و هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری بکات، سەرۆک ترامپیش پابەندە بەوەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا سەرنجمان لەسەر ئەو ڕۆڵەیە کە قەتەر دەتوانێت بیگێڕێت لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لە غەززە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "خەڵکی غەززە شایەنی ئایندەیەکی باشترن و ئەوەش تەنها بە لەناوبردنی حەماس بەدەست دێت".
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "هاوپەیمانی ئیسرائیل و ئەمریکا هەرگیز لەوە بەهێزتر نەبووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرۆک ترەمپ جیهانی کردووە بە شوێنێکی باشتر و گەورەترین دۆستی ئیسرائیلە".
ناتانیاهۆ جەختی لەسەر پێویستی "شکستپێهێنانی حەماس و دڵنیابوون لەوەی کە توانای ئەوەی نییە غەززە بکاتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل".
ناتانیاهۆ ڕوونیشیکردەوە: بڕیاری ئێمە بۆ بۆردومانکردنی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر بڕیارێکی سەربەخۆی ئیسرائیل بوو، ئێمەش بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو هێرشە لە ئەستۆ دەگرین.





