پڕچەککردنی سوپای سوریا لە کۆبوونەوەی شەرع و پوتین

پەیامی کورد- قامیشلۆ
دیمیتری بریجە، شرۆڤەکاری سیاسی ڕوسیا، دوێنێ چوارشەممە بۆ ئاژانسئ نۆرس پرێس ڕاگەیاند، سەردانەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سوریا بۆ مۆسکۆ "سەردانێکی مێژووییە" بۆ هەردوو وڵاتی سوریا و ڕوسیا.
بریجە ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا لەڕێگەی ئەم سەردانەوە هەوڵدەدات ڕێککەوتنەکان لەگەڵ مۆسکۆ دابڕێژێتەوە، جگە لە پڕچەککردن و ڕاهێنانی سوپای سوریا، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئەمنییەکانی پەیوەست بە باشوور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
دوای نیوەڕۆی دوێنێ ئەلشەرع گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆبووەوە. لە سەردانەکەدا ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و مرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری یاوەری بوون.
دیمیتری بریجە ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی ئەم سەردانەوە سوریا ئاواتەخوازە پاڵپشتی مۆسکۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەستبهێنێت، هەروەها پاڵپشتی بۆ فایلی ئاوەدانکردنەوە و ڕاکێشانی وەبەرهێنان و کۆمپانیاکانی ڕووسیا لە کەرتی نەوت و گازدا، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو بابەتانە بۆ هەردوولا گرنگییەکی زۆریان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی ئەم سەردانەوە مۆسکۆ هەوڵدەدات پەیامێک بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی بنێرێت کە "ڕووسیا لە مامەڵەکانیدا لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیاسەتێکی پراگماتیک پەیڕەو دەکات. نەک تەنها لەگەڵ ڕژێمە سیاسییەکان، بەڵکو لەگەڵ گەلان و وڵاتان بەگشتی مامەڵە دەکات و تەنانەت لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریاش، ڕوسیا دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەت یان دەوڵەتێکی نوێدا بکاتەوە".
بریجا ڕایگەیاند کە مۆسکۆ درک بەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گۆڕانکاری گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە تەنها لە ڕژێمە سیاسییەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو چارەنووسی گەلانیش دەگرێتەوە. بۆیە وتی، ڕووسیا هەوڵدەدات سیاسەتێکی نوێی پراگماتیک لە ناوچەکەدا بگرێتەبەر.





