ڕۆژنامەی لۆمۆند : ئیسرائیل هێرشی داهاتووی خۆی بە مەبەستی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران ئەنجام دەدات

پەیامی کورد ... ڕۆژنامەی لۆمۆند : ئیسرائیل هێرشی داهاتووی خۆی بە مەبەستی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران ئەنجام دەدات
ڕۆژنامەی لۆمۆند لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی دا سەبارەت بە ئامانجی هێرشی داهاتووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نووسیویەتی: "ئیسرائیل بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەرنامە ئەتۆمییەکانی وەگەڕ بخاتەوە، هێرشی ئەمجارە تەنیا هێرش بۆ سەر بنکە ئوتۆمییەکان نابێت، بەڵکوو بەگشتی ڕێژیمی تاران دەکرێتە ئامانج و مەبەست ڕووخانی ڕێژیم دەبێت".
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسا، هەڵسەنگاندنی زانیارییەکانی ئیسرائیل دەرخەری ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران ئێستاش ٤٥٠ کیلۆ یۆرانیۆم و زانستی تەکنیکی پێویستی بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان لە بەردەست دایە.
لۆمۆند لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە ڕەوتی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕێژیم لە فۆردۆ و نەتەنز لەلایەن ئەمریکاوە کردووە و لەو بارەوە نووسیویەتی : "کارناسانی ئیسرائیلی لەسەر ئەو بڕوایەن کە سەرەڕای لەناوچوونی ئەو دامەزراوانە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پیتاندنی یۆرانیۆمی پێویست هەتا ئاستی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی بەردەوامە".
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەڵسەنگاندن و زانیارییانە دەرخەری ئەوەن کە ئیسرائیل تا چ ڕادەیەک دەستپێڕاگەیشتنی بە زانیارییە زۆر نهێنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەستیارترین شوێنەکان دا هەیە.
هەروەها ئیسرائیل جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لەسەر دووبارە دەسپێکردنەوەی هەوڵە ئەتۆمییەکانی خۆی سوور بێت، تەلئەڤیڤ فڕۆکە شەڕکەر و هێزە کۆماندۆوەکانی خۆی لە دژی دەسەڵاتی تاران دەجووڵێنێت.
ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە




