پەیامی کورد ... جێگری پارێزگاری دھۆک باسی کردنەوەی بازاڕێکی تایبەت بە سەری ساڵ دەکات
جێگری پارێزگاری دھۆک دەربارەی کردنەوەی بازاڕی تایبەت بە سەری ساڵ لە دھۆک ووتی "ئەو جۆرە بازاڕانە سوودی زۆریان ھەیە بۆ ساخبوونەوەی بەرھەمی ناوخۆ و ڕەخساندنی ھەلی کار بۆ گەنجانی خۆمان، بۆیە بەپێی وەرز و کاتەکان فستیڤاڵ و بازاڕی تایبەت دەکرێنەوە."
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، ڕایگەیاند : "بەردەوام بازاڕ و فستیڤاڵی تایبەت دەکرێنەوە، ئێستا نزیکین لە سەری ساڵ، بازاڕێکی تایبەت بە کڕین و فرۆشتن و نمایشی بەرھەمەکان، بە بەشداری وەبەرھێنەر و سەرمایەدار و بازرگانان لەڕێگە بەڕێوبەرایەتی پەیوەندیداری وەکوو گەشتیاری و کشتوکاڵ و ئەوانەی دیکە دەکرێتەوە، ئەو جۆرە بازاڕانە چەند فاکتەرێکی ئەرێنییان ھەیە، لەوانە گەرموگوڕکردنی بازاڕ، فرۆشتنی بەرھەمەکان، زیادکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و ھاووڵاتییان و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆ، کە بەپاڵپشتی حکوومەتی ھەرێم بەردەوام لە زیادبوون دایە، ئێستا چەندین بەرھەمی ناوخۆی وەکوو پەتاتە، سێو، ھەنگوین و سماق ڕەوانەی دەرەوە دەکرێن، ئامانجی حکوومەتیش ئەوەیە جووڵەی بازرگانی زیاد بکرێت."
ماجد سەید ساڵح ووتیشی " هاوکات کڕین و فرۆشتنیش زیاد دەبێت و ھەلێکی باشتر بۆ بازرگانی و بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمەکان دەڕەخسێنێت، گەنجانیش سوود لە دەرفەتی ھەلی کار وەردەگرن کە لەو بازاڕانە دەڕەخسێت، بەرھەمی ناوخۆش زیاتر دەناسرێن و خواستی زیاتری لەسەر درووست دەبێت، بۆیە کردنەوەی ئەو جۆرە بازاڕانە لە سنووری پارێزگای دھۆک بەردەوامی دەبێت."