حكوومه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی پشتێنه‌ی سه‌وزایی هه‌ولێر هه‌شت ئامانجی گرینگ ڕاده‌گه‌ێنێت

Dîroka Belavkirin :
حكوومه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی پشتێنه‌ی سه‌وزایی هه‌ولێر هه‌شت ئامانجی گرینگ ڕاده‌گه‌ێنێت
پەیامی کورد   ...   حكوومه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی پشتێنه‌ی سه‌وزایی هه‌ولێر هه‌شت ئامانجی گرینگ ڕاده‌گه‌ێنێت

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەشت ئامانجی گرینگی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی ھەولێر ڕادەگەێنێت کە ماوەیەکە دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە.

لەم پڕۆژەیەدا شاری ھەولێر بە پشتێنەیەکی سەوزایی و ڕووەکی بە پانیی دوو کیلۆمەتر و درێژیی ٧٨ کیلۆمەتر دەور دەدرێت، نزیکەی حەوت ملیۆن داری زەیتوون و فستقی لێ دەچێنرێت و ئەو جۆرە دارانەش، ھەڵبژێردراون کە لەگەڵ کەشوھەوای شارەکە دەگونجێن و توانای بەرگەگرتنی ووشکەساڵی یان ھەیە، وەک بەربەستێکی سرووشتی ژینگەیی گرینگ کار دەکەن کە ھەوای ھەڵگری پیسکەر و تۆز بۆ ناو شار کەم دەکەنەوە، بەھۆیەوە لانی کەم ھەشت ئامانج بەدی دەھێنرێن.

کەم کردنەوەی پلەی گەرمی شار، یەکێکە لە ئامانجەکانی پڕۆژەکە و باری کەشوھەوا لە ناو شار بەھۆی پڕۆژەکە باشتر دەبێت، ھەڵمژینی گازە پیسکەرەکانی وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئۆکسیدەکانی نایترۆجین و لابردنی گەردیلە ووردەکان، یەکێکی تر دەبێت لە ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیە.

باشترکردنی تەندرووستی گشتی و کوالێتی ژیان و دابین کردنی ڕووبەری سەوز بۆ چالاکییە وەرزشی و کات بەسەربردنەکان، کەم کردنەوەی نەخۆشییە پێوەندیدارەکان بە پیس بوون دەرەنجامێکی تری ئەو پڕۆژەیەن.

حکوومەت ئامانجێکی تری بۆ ئەو پڕۆژەیە ڕاگەیاندووە کە بریتییە لە پاراستنی سیستەمە ژینگەییەکان، پڕۆژەکە بەشداری دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی بە بیابان بوون و چەسپاندنی خاک و پاراستنی ڕووەکەکان، لەگەڵ بەھێزکردنی ھەمەجۆری بایۆلۆژی.

پشتیوانی کردنی ئابووری ناوخۆیی لە ڕێگەی درووستکردنی ھەلی کاری بەردەوام لە بوارەکانی کشتوکاڵ، چاککردنەوە و بەبازاڕکردن ئامانجێکی تری پڕۆژەکەیە.

بەپێی مەزەندەکان، پڕۆژەکە توانای ھەیە ساڵانە لە نێوان ١٤٠ ھەزار بۆ ٢١٠ ھەزار تۆنCO٢ کەم بکاتەوە. لە پاڵ سوودە ژینگەیی و کەش وھەوایی یەکان، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی، بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە باشترکردنی کوالێتی ھەوادا دەکات، ھەروەھا بەڕێوەبردنی ئاو و خاک بەھێز دەکات لە ڕێگەی گۆمی دەستکرد و تەکنۆلۆجیای ئاودێری زیرەکەوە.

پێویستە بووترێ پڕۆژەکە پشتگیری ڕاستەوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بەدەست ھێناوە و بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، جێبەجێ دەکرێت. جگە لە حکوومەت، چەندان لایەنی نێودەوڵەتی و کۆمەڵگەی ناوخۆیی لە جێبەجێکردنی دا بەشدارن.

بەووتەی حکوومەت، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە ھەولێر لە تەنیا دەستپێشخەرییەکی دارچاندن زیاترە، گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە بەرەو شارێکی سەوزتر، تەندرووستتر و بەردەوامتر.