سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فەرەنسا كۆبوونه‌وه‌

Dîroka Belavkirin :
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فەرەنسا كۆبوونه‌وه‌
پەیامی کورد    ...   سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فەرەنسا كۆبوونه‌وه‌

پێنجشەممە ٢٠٢٦/٢/٥، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژقان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، فراوانکردنی ھاوبەشی ستراتیژی نێوانیان، دۆخی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستان، دۆخی گەلی کورد و پێکھاتەکان لە سووریا، ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و ھەسەدە، مەترسییەکانی داعش و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی بۆ پشتیوانی بەردەوامی فەرەنسا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕی، ھەروەھا سوپاسی ڕۆڵی سەرۆک ماکرۆنی کرد بۆ پشتگیریکردنی لە مافەکانی گەلی کورد لە سووریایەکی یەکگرتوودا و ھەوڵەکانی بۆ گەیشتنی حکوومەتی سووریا و ھەسەدە بە ئاگربەست و ڕێککەوتن.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، دووپاتی کردەوە کە ووڵاتەکەی لە پشتگیریکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، ھەروەھا ھەموو پشتگیرییەکی بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی حکوومەتی سووریا و ھەسەدە و گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد و پێکھاتەکان لە سووریای یەکگرتوودا دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ھاوڕا بوون کە داعش ھێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و ھەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکات. لەمبارەیەوە جەختیان لە گرینگی بەردەوامی ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کردەوە. دەربارەی‌ دۆخی ناوچەکەش، داکۆکییان لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و ھەوڵدان بۆ ڕێگری لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان کرد.

دوای کۆبوونەوەکەش سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لێدوانی ڕۆژنامەوانییان پێشکەش کرد، ئەمە دەقەکانیەتی :

دەقی لێدوانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی:

زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەم ئێوارەیە لە ھەولێر پێشوازیم لە (ژۆن نۆئێل بارۆ) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد. دووبارە بە گەرمی بەخێرھاتنی جەنابیان دەکەم.

لە دیدارەکەماندا باسمان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و فراوانکردنی ھاوبەشی ستراتیژیمان بۆ ئێستا و داھاتوو کرد. دۆخی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرد.

سوپاسی دۆستایەتی دێرین و پشتگیری بەردەوامی فەرەنسامان بۆ عێراق و بۆ گەلی کوردستان بەتایبەتی کرد. سوپاس و پێزانینم بۆ جەنابی سەرۆک ماکرۆن دووپات دەکەمەوە کە ھەمیشە پشتیوانی لە گەلی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی کردووە. گەلی کوردستان ھەرگیز ئەمە لەبیر ناکات.

خەمخۆری و دڵسۆزی فەرەنسا و ڕۆڵی گرینگی سەرۆک ماکرۆن بۆ ئاگربەست لە سووریا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان دیمەشق و ھەسەدە، ھەروەھا پشتگیرییان لە مافەکانی گەلی کورد و پێکھاتەکان بە شێوەیەکی دەستووری لە سووریا بەرز دەنرخێنین.

تێڕوانینی ھاوبەشمان لەگەڵ فەرەنسا ھەیە کە سەقامگیریی سووریا گرینگە. سووریایەکی یەکگرتوو کە کورد و ھەموو پێکھاتەکان لەخۆ بگرێت و مافی ھەمووان پارێزراو بێت. بۆ ئەوە جەختمان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی دیمەشق و ھەسەدە،‌ بە چاودێری نێودەوڵەتی کردەوە.‌

لەگەڵ جەنابی وەزیر ھاوڕا بووین کە داعش ھێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و ھەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە دەکات. بۆیە پێویستە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوی بەردەوام بێت.

داکۆکیمان لە گرینگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ڕێگری لە زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە کرد. جەختمان کردەوە کە پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکان ئاشتییانە، بە گفتوگۆ و ڕێگە دیپلۆماسییەکان چارەسەر بکرێن.

جەنابی وەزیر، دووبارە بە ھاتنان خۆشحاڵ بووین، زۆر بەخێر بێن.

دەقی لێدوانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا:

زۆر سوپاس، جەنابی سەرۆک نێچیرڤانی ئازیز، بۆ پێشوازییەکەت لە ھەولێر، لەم کوردستانەی کە شوێنێکی زۆر تایبەتی لەلای فەرەنسا ھەیە.

ھەمووان لێرە ھێزی پەیوەندییە مێژوویی یەکانمان دەزانن. ھەمووان دەزانن کە بە دەست پێشخەری فەرەنسا بوو بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایش پەسەند کرا، کە تێیدا ناوچەی دژەفڕین لەلایەن فڕۆکەوانە فەرەنسییەکانەوە دابین کرا، ئەوەش کۆتایی بە کۆمەڵکوژی کوردەکان ھێنا لەلایەن سەدام حسێنەوە و ڕێگەی بۆ ئۆتۆنۆمی کوردستان خۆش کرد.

ھەمووان خەباتی ھاوبەشی ھێزە چەکدارەکانی فەرەنسا و پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە یادە کە بەم دوایییانە شاری پاریس ڕێزی لێ گرتن، ھەروەھا خەباتی ھێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ ڕاگرتنی داعش لەسەر دەروازەکانی ھەولێر و کۆبانێ.

سەرۆک ھۆڵاند، یەکەم سەرۆک دەوڵەت بوو کە سەردانی ھەولێری کرد بۆ دەربڕینی ھاوسۆزی بۆ برا و خوشکە ھاوسەنگەرەکانمان؛ چوونکە ھەمووان ئازایەتی و قوربانی ئەو پاڵەوانە ژنانەیان لە بیرە کە سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی بەربەرەکان بوونەوە بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان: کوردستان.

لەناو ناخۆشییەکان دا، فەرەنسا و کوردستان ھەمیشە یەک چارەنووس بوون. ئەمڕۆش، لە کاتێکدا گرژییەکانی سووریا و ئێران ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەھەژێنن، ئێمە کۆبووینەوە بۆ نیشاندانی ھەماھەنگی نزیک و ھەوڵی ھاوبەشمان.

لێرەدا دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بکەم بۆ ئەو ڕۆڵەی لە چەند ھەفتەی ڕابردوودا گێڕاویانە.

سەرەتا لە سووریا، جەنابی سەرۆک، ئێوە بە شەخسی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەتان گێڕا بۆ کۆتایی ھێنان بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان دیمەشق و ھێزەکانی سووریای دیموکرات.

لە کاتێکدا فەرەنسا بەردەوامە لە ھەوڵە نێوەندگیرییەکانی بە بەشداری شەخسی سەرۆککۆماری فەرەنسا، دەمەوێت سوپاسی ئەو ھەماھەنگییە نزیکەتان بکەم کە لەم ھەفتانەی دوایی دا بینیمان، کە ڕێگری لە خوێن ڕشتن کرد و بووە ھۆی ھاتنەکایەی ئاگربەست و ئاسانکاری بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ڕابردوو.

ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕ دەھێنێت و دەبێت بەتەواوی جێبەجێ بکرێت بۆ دابینکردنی گەرەنتی سیاسی و ئەمنی بۆ تێکەڵبوونی کوردەکان لە سووریایەکی یەکگرتوودا، ھەروەھا دەبێت مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ ناساندنی مافە زمانەوانی، کولتووری و پەروەردەیییەکانیان بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.

ناساندنی ناسنامەی کوردەکان مەرجێکی سەرەکییە بۆ بووژانەوەی سووریا، وەک چۆن لە عێراقدا وا بوو. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردن بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ڕێککەوتنە و گواستنەوەی سیاسی، بە مەبەستی دروستبوونی سووریایەکی یەکگرتوو، خاوەن سەروەری و ئاشتیخواز کە ڕێز لە ھەموو پێکھاتەکانی بگرێت. ئاسۆی کوردانی سووریا نابێت تەنھا لە ناوچەکەی خۆیاندا کورت ببێتەوە، بەڵکوو دەبێت وەک عێراق، بەشدار بن لە ژیانی سیاسی سووریادا.

سەبارەت بە ئێران، تووندوتیژی دەوڵەت دژی گەلی ئێرانم بە تووندی سەرکۆنە کردەوە. ئێمە ئاگاداری دۆخی ناوخۆیی نیگەرانکەر و مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەیییەکانین. دەزانین چ مەترسییەک ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان دەبێتەوە ئەگەر ململانێیەک ھەڵگیرسێت کە خۆی ھەڵی نەبژاردبێت.

پێشتریش ئەوەمان بینیوە و نە دەتوانین قبووڵی بکەین و نە تەسلیمی دەبین. دڵنیاییم داوە بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی لەگەڵ کوردەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کە دەزانین بەستراوەتەوە بە ئاسایشی خۆمانەوە.

سەردانەکەم دەرفەتێکیش بوو بۆ دیدارم لەگەڵ سەربازە فەرەنسییەکان لە عێراق، بەتایبەتی لە ناو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. ئەم ھێزانە خەریکی خۆڕێکخستنەوەن وەک وەڵامێک بۆ گۆڕانی ھەڕەشەی تێرۆریزم کە ئێمە بە تووندی پابەندین بە شەڕکردن دژی، ھاوشان و پێکەوە، وەک ساڵانێکە دەیکەین.

جارێکی تریش سوپاسی دۆستە کوردەکانمان دەکەم بۆ ئەو متمانەیەی بە ئێمەیان بەخشیوە و ھەماھەنگییە نایابەکەیان لەم بوارەدا.

پێویست بە گوتن ناکات کە پەیوەندییەکانمان لەوە زیاترن و ھەموو بوارەکانی ئابووری، کولتووری، کۆچ و ژینگە دەگرێتەوە، وەک پرۆژەی بەڕێوەبردنی ئاو بۆ خزمەتی دانیشتووانی کوردستان. بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی ئەم ھەماھەنگییە.

لێرەدا دەمەوێت بە دڵ سوپاسی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستانی عێراق بکەم بۆ ئەو بڕیارەی شەوی ڕابردوو دایان بۆ پشتیوانیکردن لە فراوانکردنی پێگەی دیپلۆماسی فەرەنسا لە ھەولێر. ئەمە ھەڵوێستێکی زۆر جوامێرانەیە و گوزارشت لە ھێزی پەیوەندییە دانەبڕاوەکانمان دەکات.

لە کۆتایی دا، دەمەوێت ئاماژە بە پێشھاتە سیاسییەکانی ناو ھەرێمی کوردستان و عێراق بکەم. لەبەرامبەر ئەو تەحەددییە گەورانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە و ووڵات دەبنەوە، لە بەرژەوەندی ھەموواندایە کە لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی کورد دیالۆگێکی بنیاتنەر بکەن. ھەروەھا لە بەرژەوەندی ھەموواندایە کە سیاسەتی ھەمەجۆری و گەشەپێدان لە عێراقدا بەردەوام بێت.

جەنابی سەرۆک، سبەی بەردەوام دەبم لە سەردانەکەم و شەرەفمەند دەبم بە دیداری مەسعوود بارزانی، کە لەگەڵیدا باس لە تەحەددییە زۆرەکانی ناوچەکە و ڕێگەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان دەکەین.

جەنابی سەرۆک، نێچیرڤانی ئازیز، بە وەفاداری بۆ ئەم مێژووە ھاوبەشە، فەرەنسا ھەمیشە لە تەنیشت گەلی کورد دەوەستێت بۆ ئەوەی ڕێز لە مافەکانی بگرێت.

دووبارە سوپاس بۆ پێشوازییەکەتان.