پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ژێنێڕاڵ مەزڵووم عەبدی پێشهاتەکانی سووریا تاوتوێ دەکەن
پێنجشەممە ٢٠٢٦/٢/٥ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەک دا، دوایین پێشھاتە مەیدانی و سیاسییەکانی دۆخی سووریا، پرسی کورد لەو ووڵاتە و ڕێککەوتنی حکوومەتی سووریا و ھەسەدە تاوتوێ کران.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پشتگیری ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دووپات کردەوە و جەختی لە گرینگی بەردەوامی دیالۆگی نێوان لایەنەکان و پاراستنی مافی ھەموو پێکھاتەکان و گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا کردەوە.
لای خۆیەوە، بەڕێز مەزڵووم عەبدی پوختەیەکی دەربارەی دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی لەگەڵ دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتییەکان خستە ڕوو، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ھەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ پشتیوانی کردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و ھەوڵەکانیان بۆ ھێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
ھەر لە دیدارەکەدا، مەترسییەکانی تیرۆر و جموجووڵەکانی داعش لە ناوچەکەدا تاوتوێ کران و ھەردوولا ھاوڕا بوون کە ھەماھەنگی نێوان لایەنەکان و پشتگیری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی.
