پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان : په‌یوه‌ندیمان لەگەڵ ئه‌مریكادا، لەسەر بنەمای متمانە و به‌ها و کاری هاوبەشه
چوارشەممە 3/12/2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، بەشداری ڕێوڕەسمی كردنەوەی باڵەخانەی نوێی كونسووڵگەری گشتی ئەمریكاى له هه‌رێمى كوردستان كرد.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە بەڕێزان مایكل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، مەسروور بارزانی سەرۆكوه‌زیرانى هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكوه‌زیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و كونسوول و نوێنەرانی ووڵاتان ئاماده بوون، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
به‌ڕێز جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئێوارەتان باش،
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن،
به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى به‌ڕێز (مایكل ڕیگه‌س) جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌یكا ده‌كه‌م كه به تایبه‌تى بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه سه‌ردانى هه‌ولێرى كردووه. به خێر بێن بۆ هه‌ولێر، به‌خێر بێن بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق.
زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ى ئەمڕۆ پێكه‌وه به‌شداری لە ڕێوڕه‌سمى کردنەوەی تەلاری نوێی کونسووڵخانەی گشتی ئەمریکادا لە هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین.
بوونی ئەم ناوەندە دیپلۆماسییە لێره، پەیامێکی سیاسی ڕوونە دەربارەی گرینگی هەولێر و هەرێمی کوردستان و دەرخەری ئەو هاوبەشییە قووڵه‌یە کە عێراق و هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ ئه‌مریكادا هەیەتی و پێكه‌وه دەیان بەستێتەوە.
پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئه‌مریكادا، لەسەر بنەمای متمانە و به‌ها و کاری هاوبەش لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا بنیاد نراوە. هەر لە پرۆسەی دابینکردنی نه‌واى ئارام و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕینه‌وه لە ساڵانی نەوەدەکاندا تا ئێستا، ئه‌مریكا لە سه‌ختترین و هەستیارترین كاته‌كاندا هه‌میشه لەپاڵ گەلی کوردستاندا وەستاوە.
ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتی ئازادکردنی عێراقدا، پێکەوە بووین. ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ڕووبەڕووی تیرۆر بووینەوە، هێزەکانی پێشمەرگە بە ئازایەتییەوە شانبەشانی هێزەکانی دیكه‌ى عێراقی و ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی جەنگان. پێکەوە سەرکەوتوو بووین لە تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و ئازادکردنی شار و ناوچه‌كانى ژێر ده‌ستیان. ئەمانە لاپەڕەی لەبیرنەکراوی مێژوون و بناغەیەکی پتەویان دروست كردووە بۆ هاوبەشی لە ئایندەدا.
به‌ڕێزان،
ئه‌مڕۆ کردنەوەی ئەم کۆمەڵگە کونسووڵییە له هه‌ولێر، جەختکردنەوەیە لەسەر بەردەوامی ئەم پەیوەندییە و پابەندی ئه‌مریكایه بە کارکردن لەگەڵمان لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری دا. هەروەها ڕەنگدانەوەی متمانەیه‌تى بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشیمان لەگەڵ بەغدا و بە توانا‌مان بۆ بنیادنانی نموونەیەکی سەرکەوتوو لە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا.
ئه‌مه وه‌ك سەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ فراوانکردنی هەماهەنگی لە زۆر بواردا دەبینین: لە سیاسەت و ئاسایش، لە ئابووری و وەبەرهێنان، لە ڕۆشنبیری و پەروەردە و لە پەیوەندی نێوان گەلاندا. ئێمە تەنها بەدوای پەیوەندی حکوومەت لەگەڵ حکوومەتەوە نین، بەڵکوو خوازیاری پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکان، کۆمەڵگەکان و پەیوەندی نێوان گەنجانمان و گەنجانی ئه‌مریكاین.
سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی کوردستان ڕوونە: دەمانەوێت کوردستان پردی پەیوەندی بێت نەک گۆڕەپانی ململانێ. ده‌مانه‌وێت وەک بەشێکی کاریگەر لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا بمێنینەوە.
بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم كێشه‌كان لەسەر بنەمای دەستوور و بەڕێوەبردنی ووڵات لەڕووی سیاسی و كارگێڕی و یاسایییەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری هەموو عێراق بکات.
لە هەمان کاتدا و له چوارچێوه‌ى عێراقى فیدراڵ‌دا، له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى ستراتیژی عێراق و ئه‌مریكا، پابەند دەبین بە هاوبەشی ستراتیژییمان لەگەڵ ئه‌مریكا، چوونکە بڕوامان وایە ئەم هاوبەشییە بنه‌مایه‌كى سەرەکییە بۆ ئاشتی و ئاسایش و پێشكه‌وتن.
ئێمە به ڕێز و پێزانینێكى زۆره‌وه له پشتیوانی ئه‌مریكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانین، چ لە ڕێگەی سەربازەکانیانەوە بێت کە قوربانییان داوە، یان لە ڕێگەی دیپلۆماتکارەکانیان بێت، یان لە ڕێگەی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكانی ئەمریکی بێت کە بەشدارییان لە پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان كردووە و جێی ڕێز و سوپاسێكی زۆرن.
بەناوی هەرێمی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی گەل و ده‌وڵه‌تى ئەمه‌ریکا دەکەین بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان.
به ته‌واوى پشتگیری له هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆك دۆناڵد ترامپ دەكەین له‌پێناو چارەسەركردنى كێشه‌كان و چه‌سپاندنى ئاشتى له ناوچه‌كه‌دا. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى لێ ده‌كه‌ین بۆ دیاری كردنى مارك ساڤایا وه‌ك نێرده‌یه‌كى تایبه‌ت به عێراق. ئه‌مه پێشهاتێكى گرینگه. هیوادارین ڕۆڵى خۆى بگێڕێت له یارمه‌تیدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه.
بە ئومێد و ئیرادەوە دەڕوانینە پێکەوەكاركردن بۆ بنیادنانی داهاتوویه‌كى باشتر و سەقامگیر و ئاوەدانتر بۆ هەمووان.
زۆر سوپاس.