پەیامی کورد ... مایکڵ ڕیگەس : هەبوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز، ستوونی سەرەکییە بۆ پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایکڵ ڕیگەس، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کونسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ووتی : زۆر سوپاس بۆ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی.
مایکڵ ڕیگەس ڕایگەیاند: "ئەم کونسووڵخانە نوێیە زیاترە لە بینا و باڵەخانەیەک؛ ئەمە بەڵگەی ئەو بەها و پەیوەندییە بەهێزەیە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا هەیە." ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم باڵەخانەیە باشترین ئەندازەسازی و دیزاینی ئەمریکی تێدا بەکارهاتووە و دەبێتە پلاتفۆرمێک بۆ فراوانکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
لە بەشێکی گرینگی ووتارەکەدا، بەرپرسی ئەمریکا ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و ووتی: "هەبوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و پێداگر، ستوونی سەرەکییە بۆ پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق." هەروەها ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کرد وەک "هاوبەشێکی ئەمنی و دەنگێکی متمانەپێکراو" لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، ئەمریکا پەیامێکی تووندی ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان کرد و داوای لە هاوبەشە عێراقی و کوردستانییەکانی کرد پێکەوە کار بکەن بۆ ڕێگریکردن لەو میلیشیا ئێرانی یانەی کە لە ناو عێراقدان و ناوچەکە تێکدەدەن. ناوبراو ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر کێڵگەی "کۆرمۆر"ی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە یاسا سەروەر بێت و ئەنجامدەرانی ئەو کارانە ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
لایەنێکی دیکەی ووتارەکە تایبەت بوو بە بواری ئابووری؛ بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمریکا ئەولەویەتی داوەتە بازرگانی و کۆمپانیا ئەمریکییەکان هان دەدات لە هەرێمی کوردستان کار بکەن. هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا دەربڕی و بە هەنگاوێکی گرینگ وەسف کرد بۆ سەربەخۆیی وزە و بەرژەوەندی هەموو لایەک.
لە کۆتایی دا، نوێنەری ئەمریکا پابەندبوونی ووڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سووریا، و ڕایگەیاند کە هیچ دۆستێکی بەهێزتر لە ئەمریکا نییە بۆ پێکهاتەکان.