سەرۆک بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە

Dîroka Belavkirin :
سەرۆک بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە
پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە

چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025، لە هەولێر سەرۆک مەسعوود بارزانی لەگەڵ بەڕێز مایکل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.

لەدیدارەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد. هەروەها سوپاسی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی کرد لەپێش خستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە. هەروەها جێگری وەزیری دەرەوی ئەمریکا باسی لە بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرد لە هەموو بوارەکاندا و کردنەوەی باڵەخانەی گەورەترین کونسووڵخانەی ئەمریکای لە هەولێر بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد و رایگەیاند کردنەوەی گەورەترین کونسووڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڕوونە کە ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر و ئارام و ئاوەداندایە، ڕاشیگەیاند ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و ئەمریکاش پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات. 

هەر لەو دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تووندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆری کرد و داوای کرد کە ئەم کارە تێکدەرانە کۆتایی پێ بهێندرێن.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسف کرد لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی گەورەترین کونسووڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت،لە بەشێکی تری قسەکانی دا سەرۆک بارزانی باسی لە  مێژووی چەوساندنەوەی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند ئەو دەرفەتەی کە لە ڕاپەڕین بۆ گەلی کوردستان درووست بوو و ئەو ڕۆڵەی ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاسایش لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کوردستان هەیانبوو، بوو بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و پڕۆسەیەکی دیموکراسی بهێنێتە ئاراوە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە حکومەت و پەرلەمان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بونیات بنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لە ڕۆڵی گرینگی ئەمریکا لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش کرد و باسی لەوەکرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شەڕەدا شەهید و قوربانییەکی زۆری دا بەڵام ئەگەر پشتیوانی ئەمریکا نەبا قوربانییەکان زیاتر دەبوون.

هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی ئەمەریکا لە ناوچەکە دا و سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانی ئاراستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند گەلی کوردستان گەلێکی بە وەفایە بەرانبەر ئەو پشتیوانی و هاوکارییانەی ئەمریکا بۆی هەبووە و پاڵپشتی خۆی نیشاندا بۆ بەردەوامی و باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.