پەیامی کورد ... وەزارەتی کارەبا : بەرھەممان دەگاتە ٥ ھەزار و ٤٠٠ مێگاوات
بەڕێوبەری بەرھەمھێنان و گواستنەوە لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، لەئێستادا دۆخی بەرھەمھێنانی کارەبا وەکوو پێشووی لێھاتووەتەوە و پڕۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەباش لە قۆناغی کۆتایی دایە، کە ھەزار و ٢٠٠ مێگاوات بەرھەم دێنێت، بەمەش کێشەی کەمی کارەبا بە تەواوی چارەسەر دەبێت.
فارس میرخان، بەڕێوبەری بەرھەمھێنان و گواستنەوە لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیوەست بە دۆخی بەرھەمھێنانی کارەبا ووتی، دۆخی بەرھەمھێنانی کارەبا وەکوو پێشووتری لێھاتووەتەوە و ئێستا ٤ هەزار مێگاوات کارەبامان ھەیە و سەرقاڵی زیادکردنی بەرھەمی کارەباین، کە ھێڵی گازی کارەبای دھۆک زیاد دەکرێت و دوو یەکەی تازە کار دەکەن و بەرھەمیان ٢٥٠ مێگاوات کارەبایە بۆ پارێزگای دھۆک، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام کار بۆ زیادکردنی کارەبا دەکات و لەئێستادا ڕاستە لۆد بۆ سەر کارەبا زیاد دەبێت، بەڵام بەرھەمیش زیاد دەبێت، بۆیە ئێستا ٦٧%ی پڕۆژەی ڕووناکی تەواو بووە و تا کۆتایی ساڵی داھاتوو کارەبای ھەموو هەرێمی کوردستان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری، لەبەر ئەوەی ئێستا جگە لە کارەبای ٢٤ کاتژمێری، لە شوێنەکانی دیکەش زیاتر لە ١٢ کاتژمێر کارەبا دەدرێت.
فارس میرخان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا بەردەوام کار دەکرێت بۆ ئەوەی بەرھەمی کارەبا زیاد بکرێت، کە ھەزار و ٢٠٠ بۆ هەزار و ٤٠٠ مێگاوات زیاد بکرێت و لە قۆناغی کۆتاییدایە، بۆیە بەرھەم لە ٤ ھەزار و ٢٠٠ مێگاوات کە پێشتر ھەمان بوو، ھەزار و ٢٠٠ مێگاواتیش زیاد دەبێت و بەرھەممان دەگاتە ٥ ھەزار و ٤٠٠ مێگاوات، بۆیە پڕۆژەکە کۆتایی پێھاتووە و لە ماوەیەکی نزیک دا دەکەوێتە ناو تۆڕی کارەبا و ئەوکاتیش کێشەی کەمیی کارەبا چارەسەر دەبێت و ئەو لۆدەی ھەشە ئەویش نامێنێت، چوونکە پڕۆژەکە لە کێڵگەی کۆرمۆر جێبەجێ دەکرێت، بۆیە پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە بەرھەمی کارەبا زیاد بکرێت، بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێک لە کارەبای ڕووناکی درووست نەبێت و بەردەوام کارەبا دابین بکرێت، کە تا کۆتایی ساڵی داھاتووش لە ھەموو ھەرێمی کوردستان کارەبای بەردەوام دابین دەکرێت.