وەزیری تەندرووستی : هێرشەکەی کۆرمۆر یارییە بە ژیانی هەزاران نەخۆش لە ژووری نەشتەرگەری

Dîroka Belavkirin :
وەزیری تەندرووستی : هێرشەکەی کۆرمۆر یارییە بە ژیانی هەزاران نەخۆش لە ژووری نەشتەرگەری
پەیامی کورد   ...   وەزیری تەندرووستی : هێرشەکەی کۆرمۆر یارییە بە ژیانی هەزاران نەخۆش لە ژووری نەشتەرگەری

وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکی توونددا ھێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە لووتکەی دژایەتی کردنی مرۆڤایەتی و بێ ویژدانی وەسف دەکات و ھۆشداری دەدات لەوەی، ئەم کردەوەیە تەنھا بڕینی ووزە نییە، بەڵکوو ھەوڵێکە بۆ ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و خستنە مەترسی ژیانی ئەو نەخۆشانەی لە دۆخێکی ھەستیار و کتوپڕدان.

لە کاردانەوەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو، د. سامان بەرزنجی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە کە، تەقاندنەوەی کێڵگەی کۆرمۆر کارێکی قێزەون و تاریک پەرستانەیە. 

بە بڕوای وەزیری تەندرووستی، مەترسییەکە تەنھا لەوەدا کورت نابێتەوە کە کارەبا و گاز لەسەر ھاووڵاتییان دەبڕدرێت، بەڵکوو مەترسییە گەورەکە لەو بڕینە لەناکاوەی تەزووی کارەبادایە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری مەترسیدار دەکاتە سەر نەخۆشخانەکان.

بەگوێرەی پەیامەکە، ئەو پچڕانە لەناکاوە دەبێتە ھۆی ڕاگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ ھەزاران نەخۆش، بەتایبەتی ئەوانەی لە بەشەکانی فریاکەوتن و چاودێریی چڕدان و دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە، ھەروەھا دەبێتە ھۆی ڕاگرتنی پڕۆسەی نەشتەرگەرییەکان و کوژانەوەی لەناکاوی ئامێرە پزیشکییە ھەستیارەکان، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ یاریکردنە بە گیانی ھاووڵاتییان.

د. سامان بەرزنجی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، وێڕای نەفرەتکردن لە ئەنجامدەرانی ئەم ھێرشانە و ئەوانەی دەیانەوێت سزای بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بدەن، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیرادەی دڵسۆزانی نیشتمان لەوە بەھێزترە و کوردستان ھەر بە ڕووناکی و ئاوەدانی و خۆڕاگری دەمێنێتەوە.