زیاتر لە ١٠ کارگەی تازە لە دھۆک درووست دەکرێن

پەیامی کورد ... زیاتر لە ١٠ کارگەی تازە لە دھۆک درووست دەکرێن
بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک ڕایدەگەێنێت، درووستکردنی زیاتر لە ١٠ کارگەی تازە لە بواری جیاجیا پەسەند کراون و زەوییان بۆ تەرخان دەکرێ و دەست بە درووستکردنیان دەکرێت، چوونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگییەکی زۆر بە کەرتی پیشەسازی دەدات.
د. ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک، ڕایگەیاند، لە پارێزگای دھۆک بە سەرپەرشتی پارێزگاری دھۆک لە کۆبوونەوەی لیژنەی پیشەسازی و گەشەپێدان دا درووستکردنی ژمارەیەک کارگە و کۆگای ھەڵگرتنی خۆراک پەسەند کران، کە داواکاری پێشکەش کرابوون بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە دەستیان پێ بکرێت، بۆیە ئێستا پەسەند کراون و تەنیا ماوە زەوی بۆ ئەو پڕۆژانە دابین بکرێت و دەست بە درووستکردن و دامەزراندنی کارگەکان بکرێت.
سدیق ووتیشی، ئەو پڕۆژانەی لەلایەن سەرمایەدار و وەبەرھێنەرانەوە پێشکەش کرابوون، زۆرینەیان پەسەند کراون، کە پێویستە بەپێی رێنمایی و یاساکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درووست بکرێن لە بەرژەوەندی خەڵکدا بن و نابێت بە ھیچ شێوەیەک زیانیش بە ژینگە بگەیەنن.
هاوکات دەشڵێت، زیاتر لە ١٠ کارگە و ١٢ کۆگای ھەڵگرتنی خۆراک درووست دەکرێن، کە کارگەکانیش بیناسازی و سیرامیک، دروینی جلوبەرگ و بۆیاغ و گاز، فلین و ڕۆنی ئۆتۆمبێل و کەل وپەلی پاککەرەوە، کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوەن، بۆیە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی گەشەی زیاتر لە دھۆک بە کەرتی پیشەسازی بدرێت، چوونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم دا گرینگییەکی زۆری بەو کەرتە داوە و ئێستا ئەو کەرتە چووەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووەوە.
ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە




