سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان و ئه‌ردۆغان كۆبوونه‌وه

پەیامی کورد ... سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان و ئه‌ردۆغان كۆبوونه‌وه
پێنجشه‌ممه 2025/10/9 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له ئانکارا له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكى كۆمارى توركیا كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسیان له په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرد، هه‌روه‌ها بواره‌كانى هاوكاری هاوبه‌شى توركیا و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى گشتی عێراق، پرۆسه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و پێشهاته‌كانى سووریایان تاوتوێ كرد.
هه‌ردوولا ستایشى ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كانى توركیا و هه‌رێمى كوردستانیان كرد و ئاماده‌یی یان نیشان دا بۆ بره‌وپێدانى زیاتر به هاوكاری هاوبه‌ش له هه‌موو بواره‌كان دا، به‌تایبه‌تى له بوارى ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و هاوكارى له كه‌رتى ووزه‌دا.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه تیشكیان خسته سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان بۆ بازاڕه‌كانى جیهان له ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى توركییه‌وه كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری ته‌واوى عێراق دایه. هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه پرۆسه‌كه خزمه‌ت به ئارامى و سه‌قامگیری عێراق به‌گشتى ده‌كات.
سه‌رۆك ئه‌ردۆغان به‌رده‌وامی پشتیوانى و پشتگیری ووڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كانى ووڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌ردوولادا به گرینگ و جێى بایه‌خى توركیا له قه‌ڵه‌م دا.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى بۆ پشتیوانى و هاوكاری توركیا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه كه توركیا دراوسێیه‌كى گرینگى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ه و ده‌توانن له زۆر بواردا و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، پێكه‌وه هاریكارى بكه‌ن.
پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیری ناوچه‌كه، هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له توركیا، دوایین پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
ئەم بابەتە 20 جار خوێندراوەتەوە




