مەسروور بارزانی : پارتی بەهێز بێت کوردستان بەهێز دەبێت

مەسروور بارزانی : پارتی بەهێز بێت کوردستان بەهێز دەبێت
پەیامی کورد    ...    مەسروور بارزانی : پارتی بەهێز بێت کوردستان بەهێز دەبێت

چوارشەممە، ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەولێر، لەگەڵ کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی پارتی، داوای لە کاندیدانی پارتی کرد، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان و بەشێوەیەکی شارستانی بانگەشەی ھەڵبژاردن بن و نموونەیەکی باش و ڕەوشت بەرزیی کادیرانی پارتی بن.

مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە، "پارتی بەھێز بێت کوردستان بەھێز دەبێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبن. هەروەها ووتیشی، پارتی نەک تەنیا داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو پشتیوانی لە مافەکانی گشت پێکھاتەکانی عێراق دەکات."

جێگری سەرۆکی پارتی، جەختی کردەوە، "ئەگـەر پـارتـی نـەبـووایـە ئێسـتا شـتێک نـەمـابـوو بـە نـاوی ھـەرێـمی کوردستان، چوونکە زۆر لایەن داوایان دەکرد، سازش لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت، بەڵام پارتی بە ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی بـە ھەموو ھــێزێـکەوە، بــەرگــری لـە مــافـە ڕەواکــانــی خــەڵــکی کــوردســتان کــرد و لــە ژێـر ھـیچ فــشارێــک، ئــامـادە نـەبـوو سـازش لە مافـە نەتـەوەیـی و نیشتمانییەکانمان بکات، چوونکە پارتی ھەرگیز پاشکۆیەتی قبوڵ نەبووە و قبووڵیش ناکات."

‎جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش دا "عێراق ووڵاتێکی فیدراڵییە نەک مەرکەزی و ھەرێمی کوردستانیش، ھەرێمێکی فیدراڵی و دەستوورییە و دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام بە داخەوە ‎لە عێراق دەستوور پێشێل کراوە و بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ڕۆڵی کورد کەمکرایەوە."

مەسروور بارزانی دووپاتی کردەوە "ئێمە ھەرگیز ڕازی نابین مافەکانمان پێشێل بکرێن و دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان ڕەفتار لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت."

جێگری سەرۆکی پارتی جەختی کردەوە، "ئەندامان و کاندیدانی پارتی بە سەربەرزییەوە دەتوانن بە خەڵک بڵێن، ئێمە خاوەنی بەڵێنەکانی خۆمانین و خاوەنی دەستکەوت و پڕۆژە گەورەکانی کوردستانین، خاوەنی پێشکەوتنی ھەمەلایەنە و ئاوەدانی کوردستانین ."

مەسروور بارزانی ئامادەییشی دەربڕی، ئەزموونی سەرکەوتووی ھەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و ڕێگەوبان و دابینکردنی ئاوو کارەبای بەردەوام و کاراترکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتاڵ کردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ ھاوبەش بکەین و لەم ڕووەوە، ھاوکاربین لە باشکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە