سه‌رۆك بارزانی : پارتی بەرچاوی ڕوونە، دەزانێ چی دەوێت و چ دەکات

سه‌رۆك بارزانی : پارتی بەرچاوی ڕوونە، دەزانێ چی دەوێت و چ دەکات
پەیامی کورد   ...   سه‌رۆك بارزانی : پارتی بەرچاوی ڕوونە، دەزانێ چی دەوێت و چ دەکات

سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری پارتی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، دەبێ یاسای ھەڵبژاردن بگۆڕدرێت و بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەیی. ھەروەھا ووتی، ھەڵبژاردن راستترین رێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیاری خۆی بدات.

سەرۆک بارزانی رایگەیاند، پەیامی ئەوەیان پێگەیشتووە کە بەھۆی ئەم ھەڵبژاردنەوە رێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق دروستتر دەبێت. ووتیشی، "لەبەر دوو ھۆکار بەشداری ھەڵبژاردنمان کرد."

بەرنامەی پارتی وەکوو سەرۆک بارزانی باسی کرد، "ئەوەیە یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە، چوونکە یاسای ئێستای ھەڵبژاردن مافی ھەموو لایەک بزر دەکات."

دەقی ووتارەکەی سەرۆک بارزانی

"بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان"

خوشک و برایانی خۆشەویست، ھەڤاڵانی بەڕێز. خۆشحاڵیم وەسف ناکرێت کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام. ھەمووتان بەخێر بێن، سەر سەر و سەرچاوان.

خۆشەویستان، ئامادەبوونی ئێوە بەم حەماسەتەوە، بەم مەعنەویاتە بەرزەوە، ھەمیشە ئومێدبەخشە بۆ ئێمە.

ھەر وەک ئاگادارن، سێ چوار ڕۆژمان ماوە بۆ ھەڵبژاردن. ھەڵبژاردن ڕاستترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ڕای خۆی بدات. و بەنیسبەت ئێمە، مەسەلەیەکی مەبدەئییە. ھەڵبژاردنی ئەمجارەش، ئێمە دەزانین گۆڕانکاری بەسەر کورسییەکاندا نایەت، چوونکە پێشوەختە کورسییەکان دەستنیشان کراون. بەڵام، بەشدار بووین لەبەر دوو ھۆی سەرەکی:

یەکەمیان: زۆر لە دۆستان و ھاوخەباتان لەناو عەرەبەکان و دۆستەکانمان لە دەرەوە، ھەموو داوایان کرد کە بەشدار بین. و پەیامی زۆر ئەرێنیمان پێگەیشت لە زۆر لە دۆستانمان، لە ھاوخەباتانمان لە بەغدا، کە ڕەنگە ئەم ھەڵبژاردنە ڕاستە کورسییەکان ناگۆڕێت، بەڵام ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی، عەمەلییەی سیاسی لە عێراق بگەڕێنینەوە بۆ سەر ڕێگەی ڕاستی خۆی. کە ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە. بۆیە ئێمە بەشدار بووین و لەگەڵ ئەو دۆستانە، ئەو ھاوبیرانەی کە وا بیر دەکەنەوە کە عێراق پێویستی بەوەیە چاکسازیی بنەڕەتی تێدا بکرێت، ئێمەش لەگەڵ ئەوان دەست دەخەینە ناو دەست و ھەموو ھەوڵێک دەدەین.

ھۆی دووەم: بۆ ئەوەی سەنگی پارتی پیشانی ھەموو لایەک بدرێت. بۆیە، داواتان لێ دەکەم، ھەرچەندە لەو قەناعەتەم کە ئێوە پێویستتان بە تەوسییە نییە، بەڵام دەنگدان بە لیستی ٢٧٥، بۆ ئەوەی وەڵامێک بێت بۆ ھەموو ئەوانەی کە بە خەیاڵ دەژین.

ھەڤاڵان، پارتی بەرچاوی ڕوونە، پارتی دەزانێت چی دەوێت و دەزانێت چی دەکات.

ھەر وەک وتم، ئەگەر ئەم ھەڵبژاردنە ئەو دەرفەتەی ڕەخساند کە لەگەڵ ھاوخەباتان و دۆستانی ترمان بتوانین چارەسەری وەزعەکە بکەین و عەمەلییەی سیاسی بگەڕێتەوە بۆ ڕێگەی ڕاستی خۆی، ئەمە بەرنامەی پارتی دەبێت. بەرنامەی پارتی دەبێت بۆ داھاتوو.

یەک، یاسای ھەڵبژاردن دەبێت بگۆڕدرێت، بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەیی لەسەر ئەساسی لیستی حیزبی یان لیستی نیمچە کراوە. بەم قانونەی کە ئێستا ھەیە، قانونێکی ناعادلانەیە، قانونێکە مافی ھەموو لایەک بزر دەکات تەنھا چەند لایەنێک کە بەکەیفی خۆیان داڕشتووە. لەبەر ئەوە ئەم قانونە بەکەڵکی ئەوە نایەت و کارێکی جددی دەکەین بۆ ئەوەی ئەم قانونە بگۆڕدرێت. مەعقول نییە کورسییەک لە ھەولێر بە ٤٠ ھەزار دەنگ بێت، ڕێژەی بەشداربووان ٧٠-٨٠ %، بەڵام لە پارێزگایەکی تر لە عێراق، لە باشووری عێراق، ھەمان کورسی بە ٢٠٠٠ دەنگ بێت و ڕێژەی بەشداربووانیش ٢٠ %یان تەنانەت کەمتر بێت.

دوو، ھەوڵ دەدەین بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی یان مەجلیسی ئیتیحاد، کە ئەمە زامنێک دەبێت بۆ مافی ھەرێم و مافی پارێزگاکانی تری عێراقیش.

دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە زەریبە و ڕسومات دەربچێت.

ماددەی ١٤٠ نە لەبیر دەکرێت، نە وازی لێدێنین، دەبێت جێبەجێ بکرێت.

لێرەدا دەمەوێت بەو خوشک و برایانەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بڵێم، دڵنیا بن ئێوە لەناو دڵی ئێمەدان.

دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ دەستوور، بۆ ئەوەی ئیتر ھیچ بەھانەیەک نەمێنێت بەدەست ئەوانەی کە یاری بە ھەموو شتێک دەکەن لە بەغدا.

قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەنفالکراوان و کیمیاباران و دێھاتە وێرانکراوەکان، ئەمە ئەرکی حکومەتی عێراقە و دەبێت جێبەجێی بکات.

لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە، گەڕانەوەی عێراقە بۆ سەر سێ بنەما کە لەسەر ئەساسی ئەو سێ بنەمایە عێراقی تازە دروست کرا دوای ٢٠٠٣. ئەویش ھاوبەشی، ھاوسەنگی، سازان. لە کۆنفرانسی لەندەن، پێش ڕووخانی ڕژێم، ئیتیفاق کرا لەسەر ئەم سێ بنەمایە. و ڕۆحی دەستوور ئیلھامی لەو سێ بنەمایە وەرگرتووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە، ئیتر ھیچ کێشەیەک نامێنێت لە سەرتاسەری عێراق، نە لەنێوان ھەرێم و بەغدا، نە لە پارێزگاکانی تریش. گەڕانەوە بۆ دەستوور. ئێمە پابەندین بە دەستوور، کەس بەقەدەر ئێمە ماندوو نەبووە بەو دەستوورەوە. ئەو وەختەش من وتم ئەم دەستوورە بێ کەم و کوڕی نییە، بەڵام بەشی ئەوە ئیجابیاتی تێدایە کە ئێمە تەئیدی دەکەین. و ئەگەر جێبەجێ کرابا، زۆرێک لەو کێشانەی کە ڕوویان داوە، ڕوویان نەدەدا.

ئەگەر ئەو سێ بنەمایە گەڕانەوە، و ئیلتیزام بە دەستوور کرا، ئیتر لە زوڵمی مەرکەزیەتی چەوسێنەر، نەجاتمان دەبێت. وە ھەموو خەڵکی عێراق بە ئاسوودەیی ژیان دەباتە سەر. و چیتر کەس ناتوانێت بەپێی میزاجی خۆی، یاری بە مەسەلەی مووچە و بودجەی ھەرێم و مووچەی خەڵکی ھەرێم بکات، کە جگە لەوەی زوڵمێکی گەورەیە، ئیھانەیەکی گەورەش بوو بۆ خوێنی شەھیدانی ئێمە، کە نابی ئەمە دووبارە ببێتەوە.

"ھەڤاڵان، تەجروبە دەریخستووە حوکمی عێراق تەنیا بە یەک نەتەوە یان بە یەک پێکھاتە ناکرێ، دەبێ بە ھاوبەشی بێ، دەبێ شەریک بین ئەگەر بیانەوێ عێراق ئیستیقرار بکات، پێش بکەوێ، کێشەی نەمێنێ، گەڕانەوەیە بۆ شەراکەت، یان بڵێین ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان. ئیتر ھەموو جوھدێک سەرف دەکەین بۆ ئەوەی ئەمە جێبەجێ بکرێت.

ئەوەی تر، ھەندێک جار تەھدیدی ھەندێک کەسمان گوێ لێ دەبێ، یان ھەندێک کەس وەتەنییەت بە خەڵکی تر دەفرۆشن، یان دەپرسن ئایا ئێوە ئیلتیزامتان بە عێراق ھەیە یان نا؟ وەک ئەوەی عێراق موڵکی ئەوانە.

لە کۆنفرانسی لەندەن، ئەساسی ئەو عێراقە دانرا و ڕۆڵی سەرەکیمان تێدا بینی. لە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری، پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان بینی. لە دامەزراندنی عێراق و دەستوور، خەڵکی کوردستان ڕۆڵی سەرەکییان بینی. بەڵێ، ئێمە لەگەڵ عێراقین، بەڵام عێراقێکی کە شەریک بین، ھاوسەنگ بین، ھاوبەش بین. نەک عێراقێک مەجموعە مافیایەک بێن و داگیری بکەن و حوکمی بکەن. ئێمە لەگەڵ عێراقێکی فیدراڵی، دیموکراتی، فرەنەتەوەیی، فرەحزبی، فرەئایینی، فرەمەزھەبین. ئێمە لەگەڵ عێراقی دیکتاتۆری نە بووین و ناشبین.

ئێمە بڕوامان بە پێکەوەژیان ھەیە. ئەو فەرھەنگەی بۆ ئێمە ماوەتەوە لە کوردستان، ئێمە پێی سەربەرزین. لە ھەموو موناسەباتێکدا، لە ھەموو شوێنێک کە باسی فەرھەنگی پێکەوەژیان دەکرێ لە کوردستان، ھەست بە سەربەرزییەکی گەورە دەکەین. ئێمە دەبێ ئەو فەرھەنگە بپارێزین و قووڵتری بکەین. ئێمە کێشەمان نییە لەگەڵ ھیچ نەتەوەیەک. ئێمە و عەرەب براین. کێشەمان لەگەڵ شێوازی حوکمڕانییەکەیە.

دوای ٢٠٠٣، ئێمە ڕێککەوتین لەسەر شێوەی حوکمڕانی. دەستوور ڕێگەی پیشان داوە. بۆیە ئێمە داوا دەکەین دەستوور حەکەم بێت لەنێوان ئێمە و ھەر کەسێ حاکم بێت لە عێراق.

ھەموو نەتەوە و ئایین و مەزھەبێک دڵنیا دەکەینەوە، لە ھەرێمی کوردستان کە بە دڵ و گیان دەیانپارێزین و مافیان پارێزراوە. و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ ھەموو شوێن و پارچەکانی تری عێراقیش، ئێمە بەرگرییان لێ دەکەین.

ئامۆژگاریی ئێمە بۆ کاندیدەکانمان، ھەر وەک پێشتریش باسم کرد، ئامۆژگاریی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە کە تەنھا خۆیان بە نوێنەری ھەرێمی کوردستان نەزانن، بەڵکو خۆیان بە نوێنەری ھەموو پارێزگاکانی عێراق بزانن و لە ھەر کوێ زوڵم لە ھەر تاکێکی عێراقی کرا، بەرگری لێ بکەن ھەر وەک بەرگری لە یەکێکی ھەولێری یان دھۆکی یان سلێمانی یان کەرکوکی دەکەن.

ئومێدەوارین کە عێراق تێکەڵاوی ئەو ململانێیانە کە ئەمڕۆکە ھەیە لە ناوچەکە نەبێت و خەڵکی عێراق بپارێزرێت و دوور بێت لە ھەر ناخۆشییەک و کارەساتێک عێراق نەبێتە ساحەی ململانێ بەینی ئەو دەوڵەتانە ئەما کارێکی ئەساییە، ئەویە ئێمە پێمان بکرێت بۆ ئەم مەبەستە نە درێغیمان کردووە نە درێغیش دەکەین.

ھێشتا ھەڕەشەی جیدی لەسەر ھەرێم و عێراق ھەیە، وەک تیرۆر و بیری توندڕەوی. تەواو نەبووە و لە زۆر شوێن خۆیان ڕێکخستووەتەوە و بەرنامەشیان ھەیە بۆ کاری تیرۆریستی. ئەوانەی بە دڵی خۆیان دەڵێن تیرۆر تەواو بوو، حەقیقەت تیرۆر تەواو نەبووە.

مەترسیی دووەم، مەسەلەی ماددەی ھۆشبەرە، کە بە بەرنامەیەکی ڕێک و پێک، دەیانەوێ خەڵکی کوردستان تەفروتوونا بکەن. مەترسیدارترین پلان و مەترسیدارترین چەک، بەکارھێنانی ئەو ماددە ھۆشبەرەیە کە خەریکن ماڵی ئێمە وێران دەکەن. ئێمە دەبێ بە ھەموو توانایەک بەرگری لێبکەین. و ھەروەھا، عەینی بەرنامە بۆ ھەموو شوێنەکانی تری عێراقیش ھەبووە.

بەڵام یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئێمە ئەوە دەبێ، ئەوانەی بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەر دەکەن، ئەوانەی کارخانەی ماددەی ھۆشبەریان داناوە، چ لە ھەرێم، چ لە بەغدا، لە شوێنەکانی تر، دەبێ بدرێنە دادگا و سزا بدرێن.

لەسەر وەزعی ناوخۆمان لە ھەرێم، ھەر وەک بەڕێزتان دەزانن، ئەمە ساڵێک بەسەر ھەڵبژاردنی ھەرێمدا تێپەڕی. ھەر دوای ئەوەی کە ئەنجامەکان ڕاگەیەندران، داوامان کرد لە ھەموو لایەنەکان بێن حکومەتێکی بنکە فراوان تەشکیل بکەین. کوردستان موڵکی ھەموومانە. ھەندێکیان، یان ئەکسەرییان، نەھاتن و موعارەزەیان ھەڵبژارد. ئێمە ئیحترامان ھەیە بۆ ئیختیاری  ئەوان. مەسەلەکە مایەوە لەسەر پارتی و یەکێتی. دوای چەندین کۆبوونەوە لەنێوان وەفدی پارتی و وەفدی یەکێتی، لەسەر دوو میحوەری ئەساسی ئیشیان کرد، یەکێک شێوەی حوکمڕانی و ئیدارەی حکومەت، ئەوی تر دابەشکردنی پۆست. لەسەر خاڵی یەکەم گەیشتنە ئیتیفاق، لەسەر خاڵی دووەمیش من تەوسییەی وەفدی پارتیم کرد لەگەڵ مەکتەبی سیاسیش کە ئەو پەڕی مرونەت نیشان بدەن بەرامبەر بە یەکێتی. بەڵام بەداخەوە، ئەو مەعلوماتەی پێشتر بۆ ئێمەیان دابوو کە یەکێتی بە تەمایە وەخت بکوژێ تا ھەڵبژاردنی فیدراڵی عێراق تەواو دەبێت، ئاوسا بیر لەوە بکەنەوە بێنە حکومەت یان نا. تەبعەن ئەو ھەلومەرجە، ئەو ھەلومەرجەی پێش ئینتیخابات، ڕەنگە دوای ئینتیخابات ئەو ھەلومەرجە وەک خۆی نەمێنێ و ناشمێنێ.

خۆشحاڵین زۆر کە دەبینین پرۆسەی ئاشتی لە پارچەکانی تری کوردستان، ئەوە دەستی پێکردووە. ئەمە زۆر زۆر ئومێدبەخشە و ئێمە بە ھەموو توانایەک پشتگیریی ئەو پرۆسەیە دەکەین و ئومێدەوارین ئینشائەڵا خوای گەورە نەجاحەتی بداتێ، ئەو پرۆسەیە بە ئەنجام بگات بۆ ئەوەی خێری ھەموو لایەکی تێدا بێت.

جارێکی تریش، بەم ئەندازەی من خۆشحاڵم بەو پرۆسەی ئاشتییەی کە لە پارچەکانی تر دەستی پێکردووە.

"ئایندە ئومێدەوارە، ئومێدە، ئیرادەیە، بەرچاوڕوونییە، پلانە. ئەمەیە ئایندەیەک کە پارتی دەیبینێ و کاری بۆ دەکات.

ئومێدمان زۆرە، ئیرادەمان بەھێزە، بەرچاومـان ڕوونـە، و پلانی تـوکمەشمان ھەیە. پارتی و حکومەتی ھەرێم، ئومێدەوارین ھەموو لایەنەکانی تریش بەشدار بن لەگەڵ ئێمە، بەڵام کاروانی ئاوەدانی بەردەوام دەبێت و وەڵامی ھەر کەسێک کە پێی ناخۆشە یان حەسادەتە، بە پڕۆژە وەڵامی دەدرێتەوە، نەک بە قسە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی بێ پایانی پێشمەرگە و ھێزەکانی تری، ھێزە ئەمنییەکان بکەم بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایش و دەرفەتیان ڕەخساند بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێکی ڕێک و پێک لە کەش و ھەوایەکی ئارامدا بەڕێوە بچێت. زۆر سوپاسیان دەکەم.

سوپاس، سوپاس بۆ گەلی کوردستان، بۆ خۆڕاگرییان و دڵسۆزییان و ئەو بانگەشەیەی کە ئارام ئەنجام درا. و لێرەدا بە پێویستی دەزانم، بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی بێ پایان بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان، بۆ ئەو خۆڕاگرییەیان کە ھەندێک لە بەغدا دەیانویست بە بڕینی مووچە چۆکمان پێدادەن و بە حیسابی خۆیان خەڵکەکە ڕاپەڕێ و ئەم ھەرێمە تێکبدەن. دەستی ھەموو یەکەکتان ماچ دەکەم کە نەتانھێشت پلانی ناحەزان سەربگرێ.

سوپاس و سڵاو بۆ خانەوادەی شەھیدان و ئەنفالکراوان.

سوپاس بۆ جێگران و کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و ھەموو جەماوەر و کادر و ئەندامانی پارتی، بۆ ماندووبوونتان، بۆ شەونخونیتان، و بۆ ئەو ئەرکە گەورەیەی ئەنجامتان دا. سوپاستان دەکەم.

سڵاو بۆ ھەولێر و بۆ ھەموو شارەکان، ھەموو شارۆچکەکان، ھەموو دێھاتەکانی کوردستان. سڵاوی تایبەت بۆ شار و شارۆچکەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کە نە لەبیر دەکرێن، نە بەجێتان دێڵین.

جارێکی تر، سوپاستان دەکەم ھەڤاڵان. و داواتان لێ دەکەم، دڵی گیانی شەھیدان شاد بکەن، دڵی دڵسۆزان خۆش بکەن، دەنگ بە لیستی ٢٧٥ بدەن، بۆ ئەوەی بەرگری لە ئێوە بکات، بۆ ئەوەی کەرامەتی ئێوە بپارێزێت.

من سەرکەوتن، سەرکەوتن و ئایندەیەکی گەشتر لە چاوەکانی ئێوەدا دەبینم.

لە کۆتایی دا، ھەزاران سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەھیدان. ئێوەش ھەمیشە شاد و بەختەوەر و سەرکەوتوو بن. بژی کورد و بژی کوردستان. بژی پێکەوەژیان.

لە کۆتایی دا فەرموودەیەکی ئیمام عەلی ھەیە، ئەمە بۆ خۆشمان وەک کورد، بۆ عەرەبەکان بە شیعە و سوننە، بۆ تورکمان، بۆ ھەموو کەسێک. کە دەفەرموێت: 'ڵا تَڤْلِمَنَّ إِژَا مَا کُنْتَ مُقْتَدِرًا، فَالڤُّلْمُ آخِرُەُ ێأْتِیکَ بِالنَّدَمِ. تَنَامُ عَیْنُکَ ۆالْمَڤْلُومُ مُنْتَبِەٌ، ێدْعُو عَڵیْکَ ۆعَیْنُ الڵّەِ ڵمْ تَنَمِ'. ئەمە بۆ ھەموو لایەکە.

ئومێدەوارم ھەمیشە لە خۆشیدا بتانبینم. خوا حافیز. دوو سێ ڕۆژمان ماوە. ئیتر حەق و حیساب ھەمووی مەعلوم دەبێت. ئەمانەتی خوای گەورە بن. زۆر سوپاس."

ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە