سەرۆک بارزانی : هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە کوردستان بەو شێوەیە بەرەو پێش چووە
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی : هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە کوردستان بەو شێوەیە بەرەو پێش چووە
سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی شەمس، باسی لە چەند پرسێکی گرینگ و تایبەت بە ناوچەکە کرد، هەروەها باسی لە دۆخی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو ووڵاتەکە کرد.
سەرۆک مەسعوود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی شەمس، ووتی : هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە کوردستان بەو شێوەیە بەرەو پێش چووە، سوپاسی ئەو نیعمەتەی خوای گەورە دەکەم.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر گەورەی هەیە، ئەوەی بەدەست هاتووە جێگەی شانازییەکی زۆر گەورەیە، داوای بەدەستهێنانی زیار دەکەین لە ڕووی ئاوەدانی و گەشەپێدان، حکوومەتیش پلانی بۆ جێبەجێکردنیان هەیە قۆناغ بە قۆناغ.
سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، دانیشتووانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ستایشی هەرێمەکە دەکەن زیاتر لە خەڵکی هەرێمەکە، خوازیارین هەمان بەرەوپێش چوون لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە دی بێت، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بە دی هاتووە مایەی شانازییە بۆ کورد و عەرەب.
لە بارەی بەربەستەکان، سەرۆک بارزانی دەڵێت: بەربەستەکان زۆر ڕوون و ئاشکران، لە هەرێمی کوردستان ئیرادە و پلاندانان هەیە و جێبەجێکردنیش هەیە، لە هەمان کات دا سەرکردایەتییەک هەیە بۆ پرۆسەکە، بەڵام بە داخەوە لە بەغدا فەوزایە پڕۆژەکان هەموو پەکیان کەوتووە، ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لە بەغدا نییە بۆ ئەو بابەتە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2003 کۆششێکی زۆرمان کرد بۆ ئەوەی عێراقێکی نوێ بونیات بنێین، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم خواستە ڕووبەڕووی پەرچەکردار بووەوە، خواستێکی دژی ئێمە هەبوو، تاوەکوو گەیشتین بە خاڵێک کە هەرێمی کوردستان و کورد پێشوازی نەکراون لە بەغدا، بۆیە ئێمەش خۆمان گۆشەگیر کرد، بەڕاستی ئەمە خواستی ئێمە نەبوو بەڵکو دۆخەکە فەرزی کرد بەسەر ئێمە کەوا بەجێی بێڵین بۆ ئەوانەی کە پەیوەندیدارن بەو بابەتە لە بەغدا.
لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆک بارزانی، ووتی: سەرەتا بیرمان لە بایکۆت کردەوە، ئەو یاسایەی کە هەڵبژاردن پێی بەڕێوە دەچێت، بەڕاستی یاسایەکی دادپەروەرانە نییە، ئەو یاسایە ئەنجامەکانی پێشوەختە دیاری کردووە، دابەشکردنی کورسییەکان ڕاستەقینە نییە، دواتر لە لایەن دۆستانمان لە بەغدا هەندێک پەیاممان پێگەیشت کەوا ئەوانیش لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی پەراوێزخستن بوونەتەوە، ئەوانیش ئامادەن دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانییەتییەکی نوێ پێبک بهێنین بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چاک بکەیەنەوە، تا پرۆسەی سیاسی بخەینە سەر ڕێڕەوە ڕاستییەکە.
هاوکات ووتیشی: ئێمە لە دوای هەڵبژاردن دەستنیشانی دەکەین کە لەگەڵ کێ هاوپەیمانییەتی دەکەین و لەگەڵ کێ ڕێک دەکەوین، نەک پێش هەڵبژاردن، خوازیارین ملیۆنێک دەنگ بەدەست بهێنین.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان، زیاتر لە 800 هەزار دەنگی بەدەست هێنا، ئەمەش بەبێ نەینەوا و کەرکووک و دیالە، کەواتە ئەگەر دەنگی ئەوە پارێزگایانەی لەگەڵ بێت ملیۆنێک دەنگ تێدەپەڕێنین.
لە درێژەی قسەکانی دا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی ئێمە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە بۆ سیستەمی یەک بازنەیی، لەو سیستەمەدا مافی کەس نافەوتێت و ئاسانتریشە، هەڵبژاردن بەو سیستەمەی ئێستا دادپەروەرانە نییە و پێم وایە بەڕاستی هەڵبژاردن ساختەیی یە، بەڵام لە داهاتوودا پێویستە ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەکرێتەوە، دەبێت لە داهاتوودا سەرژمێرییەکی درووست بکرێت بۆ ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک نەک ژمارەی کورسییەکان دەستنیشان بکرێت بە گوێرەی پسوولەی خۆراک.
ووتیشی : زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی عێراق پێیان وایە کە دەبێت یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەموار بکرێتەوە، خوازیار بووم کە ڕەوتی سەدر و برامان موقتەدا بەشدار بێت لە هەڵبژاردن.
ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە