سەرۆکی حکوومەت نەخۆشخانەی 'شۆڕش-هێتیت'ـی لە دێرەلووک کردەوە

سەرۆکی حکوومەت نەخۆشخانەی 'شۆڕش-هێتیت'ـی لە دێرەلووک کردەوە
پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت نەخۆشخانەی 'شۆڕش-هێتیت'ـی لە دێرەلووک کردەوە

چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێک دا لە سنووری ئامێدی، نەخۆشخانەی 'شۆڕش-هێتیت'ـی کردەوە.

پێشتر سەرۆکی حکوومەت لە 7ـی ئەیلوولی 2020، لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی نەخۆشخانە و كۆمه‌ڵگه‌ی تەندرووستی هێتیتی لە پارێزگای دهۆک دانا.

کاتی دانانی بەردی بناغەی نەخۆشخانەی شۆڕش هێتیت، پەتای کۆرۆنا لە کوردستان و جیهان دا بەربڵاوبوو، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ووتارێکدا ڕایگەیاند، سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام حکوومەت بەگوێرەی توانای دارایی بەردەست، لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە و نەوەستاوە.

ووتیشی: ئامانجی حکوومەت ئەوەیە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو شار و شارۆچکە و گوند و دەڤەرەکانی کوردستان بکات.

نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش ھێتیت، نەخۆشخانەیەكی 100 قه‌ره‌وێڵه‌یە و لەسەر ڕووبەری 43 هەزار مەتری دووجا بە گوژمەی 43 ملیۆن دۆلار دروستکراوە و دەكەوێتە نێوان دێرەلووك – شێلادزێ، هەروەها 25 پزیشکی پسپۆری نەخۆشییە جیاوازەکان بە نوێترین ئامێر و پێداویستی پزیشکی و تەندرووستییەکان لە نەخۆشخانەکە خزمەت دەکەن.

نه‌خۆشخانه‌ی شۆڕش ھێتیت یەكێكە لە پڕۆژە گرینگەكان و خزمه‌تێكی زۆر به‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌كات و بۆشایی كه‌می خزمه‌تگوزاری ته‌ندرووستی له‌ ناوچه‌كه‌ پڕ ده‌كاته‌وه و بەشێوەیەکی گشتی زیاتر لە 250 هەزار هاووڵاتی نیشتەجێی سنووری ئامێدی دەتوانن لە خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانی ئەم نەخۆشخانەیە سوودمەند بن‌.

ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە