چۆنیەتی ڕیفۆرم کردنی پۆلیسی کوردستان بزانن
پەیامی کورد ... چۆنیەتی ڕیفۆرم کردنی پۆلیسی کوردستان بزانن
چوارشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە یەکێک لەو لێژنانە کە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرک و پەیکەر و شێوازی مامەڵە و ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی کوردستان ڕاسپێردراون. وەزیری ناوخۆ لە سەرەتای کۆبوونەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دیدارە و پوختەیەکی لەسەر دونیابینی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مسروور بارزانی بۆ شێوازی مامەڵەکردنی حکوومەت بە دامەزراوە و فەرمانبەرەکانی لەگەڵ هاووڵاتیان خستە ڕوو کە بریتییە لە پەیڕەوکردنی میتۆدی بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکان. هەروەها باسی لە پێویستی پێداچوونەوەی جیددی بە کەرتی پۆلیس کرد بە هەموو ئەرک و سێکتەر و بەرنامەکانەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانی هاووڵاتیانی کوردستان بگونجێت.
بۆ ئەم مەبەستە ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوبەرایەتی گشتی پۆلیس هاوشان لەگەڵ لێژنەیەکی دیکەی باڵا کە بۆ ئەرکی ئامادەکردن و نوسینەوەی ڕێبەری کاری پۆلیسی لە کوردستان پێکهاتووە، بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپێردراون.
وەزیری ناوخۆ لێژنەی ڕاسپارد کە بیرۆکە و وردەکاری ئەو پڕۆژەیە لەگەڵ کارمەند و ئەفسەران لەسەر ئاستی کوردستان لە ڕێی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و وورک شۆپ بەش بکرێت و ڕا و سەرنج و بۆچوونەکانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی بە هەند وەربگیرێ. هەروەها سوود لە ئەزموونی ووڵاتانی پێشکەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سرووشت و ژینگەی کۆمەڵگەی کوردستان و پاڵپشتی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەربگیرێ.
لە لایەکی دیکەوه وەزیری ناوخۆ جەختی لە پێویستی ئامادەکردن و ڕاهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ کارمەندان و ئەفسەران کرد و ئەکادیمیای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوبەرایەتییەکانی مەشق و شیاندن، بەڕێوبەرایەتی و بەشەکانی ئاراستەکردن و ڕابەریکردنی مەعنەوی،و بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کۆمەڵگەیی ڕاسپارد بۆ ڕێکخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام. پێداچوونەوە بە پەیکەری گشتی پۆلیس، ئەرکەکان، بنکەکانی پۆلیس وەکوو یەکەی بنەڕەتی کاری پۆلیس، سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکان، پەروەردەکردنی سەرکردە و دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی ئەرکەکان، و چەندین تەوەری دیکە بە ووردی گفتوگۆیان لەسەر کرا.
ئامادەبووان بە پەرۆشییەوە سوپاسی وەزیری ناوخۆیان کرد بۆ ئەو کۆبوونەوە گرنگە و گفتوگۆکردن لەسەر ووردەکاری بیرۆکە و پڕۆژەی چاکسازیکردن لە پۆلیسی کوردستان و سەرنجەکانیان بۆ قۆناغی ئایندە و دابەشکردنی ئەرکەکان خستە ڕوو.
