مەسروور بارزانی : لە ئێستاوە پیرۆزبایی سەركەوتن لە هەمووتان دەكەین

مەسروور بارزانی : لە ئێستاوە پیرۆزبایی سەركەوتن لە هەمووتان دەكەین
پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : لە ئێستاوە پیرۆزبایی سەركەوتن لە هەمووتان دەكەین

بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاهەنگی بانگەشەی پارتی لە ئامێدی بەڕێوە چوو.

چوارشەممە 22/10/2025، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاهەنگی بانگەشەی پارتی لە ئامێدی بەڕێوە چوو، لە ووتارەکەیدا ووتی، "ڕەنگە پێویست نەبێت ئێمە بانگەشەی هەڵبژاردن لەم دەڤەرە بكەین، چوونكە بەڕاستی ئێوە خۆتان خاوەنی ئەم شۆڕشەن، خاوەنی ئەم دەستكەوتانەن."

جێگری سەرۆكی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو، "دەزانم كە ئێوە چەندە زەحمەتییەكی مەزنتان كێشاوە، ئەم شۆڕشە ئێوە كردتان، ئەم دەستكەوتانەیشی ئەمڕۆ دەیبینین، بەرهەمی خەبات و رەنج و ماندووبوونی ئێوەیە. بەداخەوە زۆر هەڤاڵ و دۆستمان ئێستا لەگەڵمان دا نین و شەهید بوون، هەقە سەری ڕێز بۆ خوێنی پاكی ئەو شەهیدانە نەوی بكەین و سوپاسی ماڵباتی ئەو شەهیدانە بكەین بۆ ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ ئێمە هەمانە."

دەقی ووتاری مەسروور بارزانی: جێگری سەرۆكی پارتی:

ئێوە هەموو بەخێر بێن، سەرسەر و سەرچاوی من هاتن. من زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە لەم بۆنەیەدا بەشدارم بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، حەزیش دەكەم بە ناوی هەمووتان بەخێرهاتنێكی گەرمی بەربژێرانمان بكەم كە ئەمڕۆ لەگەڵمان ئامادەن و لە ئێستاوە پیرۆزبایی سەركەوتن لە هەمووتان دەكەین.

خوشك و برایانی هێژا

ڕەنگە پێویست نەبێت ئێمە بانگەشەی هەڵبژاردن لەم دەڤەرە بكەین، چونكە بەڕاستی ئێوە خۆتان خاوەنی ئەم شۆڕشەن، خاوەنی ئەم دەستكەوتانەن، بەڵام هەندێك شت پێویستە بۆ بیرهێنانەوە بێت، ئێمە هەندێك قسە لەگەڵ یەك بكەین، من زۆر لە ئێوە دەناسم، ئێمە پێكەوە گەورە بووین، كاتێك من گەورە بووم ئەوكات بینیم، بۆیە دەزانم كە ئێوە چەندە زەحمەتییەكی مەزنتان كێشاوە، ئەم شۆڕشە ئێوە كردتان، ئەم دەستكەوتانەیشی ئەمڕۆ دەیبینین، بەرهەمی خەبات و ڕەنج و ماندووبوونی ئێوەیە. بەداخەوە زۆر هەڤاڵ و دۆستمان ئێستا لەگەڵماندا نین و شەهید بوون، هەقە سەری ڕێز بۆ خوێنی پاكی ئەو شەهیدانە نەوی بكەین و سوپاسی ماڵباتی ئەو شەهیدانە بكەین بۆ ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆ ئێمە هەمانە و بۆ ئەو ژیانەی ئەمڕۆ ئێمە پێی گەیشتووین.

ئەم دەڤەرە بێگومان لانكەی شۆڕشە، ئەو زەحمەتەی ئێوە كێشاوتانە و ئەو داستانانەی ئێوە تۆمارتان كردووە بەرامبەر بەو دوژمن و ناحەزانەی كە ڕۆژانە تەماحی داگیركردنی خاكی كوردستانیان هەبووە، هیچ یەكێك لەو چیا و دۆڵانە نەبووە كە ئێوە زەحمەتتان تێدا نەكێشابێت، خەباتتان تێدا نەكردبێت، پێشمەرگایەتیتان تێدا نەكردبێت. هیچ جێیەك لەم وارەدا نییە كە خوێنی شەهیدانی ئێمەی لێ نەڕژابێت، ئەم وارە واری شەهیدانی ئێمەیە، جێی پێشمەرگەیە، جێی خەباتكەر و شۆڕشگێڕانە. ڕاستە دوژمن زۆرجار چاوی بڕیوەتە خاكی ئێمە، بەڵام هیچ جارێك نەیتوانیوە بەردەوام بێت لە داگیركردنی خاكی ئێمە، چوونكە قارەمانانی ئەم میللەتە هەموو كاتێك بەرگرییان كردووە و خۆیان كردووەتە قوربانی، نەك تەنیا لێرە، بەڵكوو پێشمەرگەی ئەم دەڤەرە لە هەموو بەشەكانی كوردستان و لە هەموو شارەكانی كوردستان دیسان شۆڕش و خەباتیان كردووە و شەهید كراون و قوربانییان داوە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان. بۆیە هەقە ئێوە هەموو بە سەربڵندییەوە شانازی بە خۆتانەوە بكەن، ئێمەش هەموومان شانازی بە ئێوە دەكەین، سوپاسی ئێوە و ماندووبوونتان و زەحمەت و خەباتتان دەكەین، بەڕاستیش ئەمڕۆ زەحمەتتان كێشا كە هاتن لێرە ئامادە بوون، بۆ ئێمە جێی سەربڵندییە و من گەلێك كەیفخۆشم كە لە خزمەتی ئێوەدام.

ئەم دەڤەرە دیارە، مێژووی ئەم دەڤەرە دیارە، خەبات و زەحمەتی خەڵكی ئەم دەڤەرە دیارە، نەك تەنیا پێشمەرگە قارەمانەكانمان لەسەر چیا، لە گارە، لە مەتین، لەو دۆڵ و شیوانە بەردەوام بوون لە خەبات و قوربانیدان، بەڵكوو دایك و خوشكانی ئێمەش، ئافرەتانی ئەم دەڤەرەش وەكوو پێشمەرگە بەردەوام بوون لە خزمەتكردن، لە بن بۆمبابارانی فڕۆكە و تۆپی دوژمنان، منداڵی خۆیان گەورە كردووە، برینداری پێشمەرگەیان لە ماڵی خۆیان دەرمان كردووە، نان و ئاویان بۆ پێشمەرگە پەیدا كردووە، بۆیە هەقە ئێمە پێكەوە هەموومان سوپاسی ئەو دایك و خوشكانە بكەین كە لە شۆڕش دا لەگەڵ برایانی پێشمەرگەمان بەردەوام بوون.

ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە