له ١٨ شاره‌وانی هه‌ولێر زه‌وی دابه‌ش ده‌كرێت

پەیامی کورد ... له ١٨ شاره‌وانی هه‌ولێر زه‌وی دابه‌ش ده‌كرێت
به‌ڕێوبه‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر ده‌ڵێ، له سنووری شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر 42 هه‌زار كه‌س بڕیاری وه‌رگرتنی زه‌وییان هه‌یه و هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست به دابه‌شكردنیان ده‌كرێت.
مه‌ریوان حاكم هادی، به‌ڕێوبه‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر، ڕایگه‌یاند، له سنووری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر كه شاره‌وانیی هه‌موو قه‌زا و ناحیه و كۆمه‌ڵگه‌كانی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر ده‌گرێته‌وه، 42 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ره‌زامه‌ندی وه‌رگرتنی زه‌وییان هه‌یه و ناوه‌كانیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ شاره‌وانییه‌كان، له‌وانه‌یه ناوی دیكه‌ش هێشتا ته‌واو نه‌كرابێت و دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی بگه‌ڕێنه‌وه.
به‌ڕێوبه‌ری گشتی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر ده‌شڵێت، ئێمه زه‌ویمان له سنووری هه‌ژده شاره‌وانی ئاماده كردووه و بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست به دابه‌شكردنی زه‌وی فه‌رمانبه‌ران بكرێت، هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك کە ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی هه‌بێت، سوودمه‌ند ده‌بێت له وه‌رگرتنی پارچه‌یه‌ك زه‌وی.
مه‌ریوان حاكم هادی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وەش كرد، ئه‌و زه‌ویانه‌ی دابه‌ش ده‌كرێن كارتی زانیاری كراوه‌ته بنه‌ما بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركه‌سه و له شوێنی خۆی سوودمه‌ند بێت له وه‌رگرتنی زه‌وی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كارتی زانیاری فه‌رمانبه‌ره‌كه له كوێ بێت، هه‌ر له‌و سنووره لە وەرگرتنی زەوی سوودمه‌ند ده‌بێت.
ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە




