لیژنەیەکی ھاوبەشی ھەرێم لەگەڵ ھەردوو ووڵاتی ئوردن و تورکیا بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیان پێکھاتووە

پەیامی کورد ... لیژنەیەکی ھاوبەشی ھەرێم لەگەڵ ھەردوو ووڵاتی ئوردن و تورکیا بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیان پێکھاتووە
بەڕێوبەری پەیوەندی و راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی، دەست بە رێکاری گەڕانەوەی ئەو کەسانە کراوە کە بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەمیان دەگەڕێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکھاتووە.
عەبدولخالق محەمەد، بەڕێوبەری پەیوەندی و راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لیژنەیەکی ھاوبەش لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی ھەردوو ووڵاتی ئوردن و تورکیا پێکھاتووە بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکەی چوونەتە دەرەوەی ووڵات و بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، ئێستاش رێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەیان دەستیان پێکردووە و دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت، کە ئەوانەی لە ئوردنن بەشێكیان ھاتوونەتەوە و بەشێکیش لە ئیستامبووڵ ن کە ترانزێتیان ھەبووە لە ووڵاتانی ئەمریکا و توونس و هەروەها گرووپە گەشتیارییەکانیش رۆیشتوون و ڤیزایان نییە، ناتوانن لە فڕۆکەخانە بچنە دەرەوە بۆ تورکیا و ناتوانن بگەڕێنەوە و گیریان خواردووە، بۆیە ئێمە بەو کارە ھەڵدەستین و دەیانگەڕێنینەوە.
ناوبراو ووتیشی، ڤیزای ترانزێتیان بۆ رێک دەخەین و بە فڕۆکە دەیانھێنین بۆ شەرناخ و لەوێش بە پاس دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوانەش کە لە ئێران و تورکیان، هی ئەوان ئاسانترە و بە پاس دەتواندرێت بیانگەڕێنینەوە، تەنیا ئەوانەی ترانزێت گەڕانەوەیان زەحمەتە و لە فڕۆکەخانە گیریان خورادووە، چوونکە فڕۆکە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق نییە بەھۆی داخستنی ئاسمانی عێراق بە گشتی، بۆیە رێکارەکانمان دەست پێکردووە و دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، چوونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت و ھاووڵاتی ئێمەن.
ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە




