پارتی بۆ کۆنگرەی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا بانگهێشت دەکرێت

پەیامی کورد ... پارتی بۆ کۆنگرەی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا بانگهێشت دەکرێت
مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەشداری ھەشتاو یەکەمین کۆنگرەی پارتی سۆشیالیستی فەڕەنسای کرد.
لە میانەی کۆنگرەکە، شاندی پارتی چاویان بە سکرتێری نوێی پارتی سۆشیالیست، ئۆلیڤیار فۆر و دیلان بۆتیفلات، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕەشید تەمال، ئەندامی سەنات و خاتوو سیسێلیا کۆندارد، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا و ووتەبێژی سۆشیالیست پارتی و خاتوو شانتێل کامبیوا، جێگری سەرۆکی سۆشیالیست ئینەرناشناڵ کەوت و باسی دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان کرد.
هۆشیار سیوەیلی و مەھدی شێلازی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی فەرەنسا کە یاوەرییەوە بوو، چەند دیدارێکیان لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ئەورووپا و جیهان ئەنجام دا.
سیوەیلی پەیامی پیرۆزبایی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی گەیاندە ئۆلیڤیار و بۆ ڕۆڵی مێژوویی پارتی سۆشیالیست لە ھاوکاری و پشتگیری ھەرێمی کوردستانیش سوپاسی کرد کە ھەر لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا پاڵپشتییەکی بەهێز و دیار بووە و جێگای پێزانینە و هەرگیز لەبیر ناکرێت.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لەسەر ڕەوشی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوردی قسەی بۆ کردن، باسی ئەو تەنگژە و گرفتانەی کرد کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتن و سەقامگیری، جەختیشی لە سیاسەتی هەمیشەیی و نەگۆڕی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی کردەوە کە تێگەشتن و کارکردنە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و سەقامگیری و هاوبەشی و قبووڵکردنی یەکتر بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە.
ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە




