مەسروور بارزانی : پارتی هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت

مەسروور بارزانی : پارتی هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت
پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : پارتی هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت

دووشەممە 7/7، مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک لە کادیری ئۆرگانەکانی پارتی کۆبووەوە لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی پارتی، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.

جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، نابێت بە هەڕەشە و مەترسی بۆ هیچ لایەک و هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیری و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا. هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی جەنابی سەرۆک بارزانی دا لە نزیکردنەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەیەکتر بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها لە کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

لە بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش، جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی دا کە کێشەی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەک تەکنیکی، چوونکە بەداخەوە لە بەغدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاکاری  و بە شێوەیەکی نادەستووری، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت.

جەختیشی کردەوە کە عێراق ووڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش قەوارەیەکی دەستووری هەیە و دەبێ ڕێز لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگیرێت. دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەرگیز دەست بەرداری هیچ مافێکی دەستووری خۆی نابێت. ئاماژەشی بەوە دا کە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کات دا، کێشەی مووچەبڕینی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.

جێگری سەرۆکی پارتی ووتیشی: پارتی بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، داکۆکیکار و پارێزەری یەکەم و سەرەکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەرەنتی پاراستنی هەرێمە، بۆیە بەهێزبوونی پارتی، بەهێزبوونی کوردستانە و پارتی بە پشتیوانی خوای گەورە و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، هەمیشە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت.

ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە