"٧ ھەزار مۆلیدە دەکوژێنەوە"

پەیامی کورد ... "٧ ھەزار مۆلیدە دەکوژێنەوە"
بەڕێوبەری بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی "پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خێرا جێبەجێ دەکرێت، ئێستا ٤٠%ی جێبەجێ کراوە و بەردەوامیشە، تاوەکوو کۆتایی ساڵی داھاتوو لە تەواوی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و حەوت ھەزار موەلیدە دەکوژێنەوە."
فارس میرخان محەمەدئەمین، بەڕێوبەری بەرھەمھێنان و گواستنەوەی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان زۆر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت و بووەتە ھۆی ئەوەی بارگرانی لەسەر کارەبا کەمبێتەوە، چوونکە کەم سەرف کردنی کارەبا لۆدی سەر وێستەگاکانی کارەبا بەڕێژەی نزیکەی ٤٠% کەمدەکاتەوە، لۆدیش کەم بێت سووتانی محاویلە کەم دەبێتەوە، ئێستا ٤٠%ی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە و ٢ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار ھاووڵاتی سوودیان لێی وەرگرتووە، دەکاتە ٧١٦ھەزار ھاوبەش، پڕۆژەکەش بەردەوامە، ئێستا لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ھەڵەبجە بەردەوامە."
فارس میرخان محەمەدئەمین ووتیشی "ئەو کارەبایەی بەردەستمان بەشی ئەوە دەکات کارەبا بکرێتە ٢٤کاتژمێری.
پڕۆژەی دیکەشمان ھەیە، داناگاز کار دەکات بۆ بەرھەم ھێنانی ھەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا، تا مانگی سێی ساڵی داھاتوو تەواو دەبێت، بۆیە ھیچ گرفتێک بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی ڕووناکی درووست نابێت، ئەو پلانەی داندراوە، وەکوو خۆی جێبەجێ دەکرێت."
دەشڵێت "تاوەکوو ئێستا ٢ھەزار و ٥١٧ موەلیدە بەھۆی پڕۆژەی ڕووناکی کوژاونەتەوە، کە دوکەڵیان بەرامبەر بە دووکەڵی ٤٦٥ ھەزار ئۆتۆمبێلە، تا کۆتایی پڕۆژەکە حەوت ھەزار موەلیدە لە ھەرێمی کوردستان دەکوژێنەوە و کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بەتەواوی دەبێتە ٢٤ کاتژمێری."
ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە




