پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ قوتابیان و لاوانی کوردستان

پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ قوتابیان و لاوانی کوردستان
پەیامی کورد   ...   پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ قوتابیان و لاوانی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکیدا بە بۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی یەکیتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکات.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی.

بۆ یەکیتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان

سڵاو و ڕێز..

لە دڵەوە و بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەکەم بۆ بەستن و سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەتان‌، بەو ھیوایەی ئەم ھەنگاوە گرینگەتان، سەرەتایەکی نوێی کارا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتر و باشتری قوتابیان و لاوان لە کوردستان و بەھێزکردنی ئامادەیی و ڕۆڵی گرنگیان لە پرۆسەی گەشەپێدان و بەرەوپێش چوونی ووڵات و کۆمەڵگەدا. لەم بۆنەیەدا دروود بۆ بارزانی نەمر دەنێرن کە بە ڕاسپاردە و فەرمانیان، یەکیتییەکەتان دامەزرا. 

ھەردوو ڕێکخراوەکەتان، چ پێکەوە، چ جیا، بۆ ماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵ، ڕۆڵی بەرچاویان لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری، ڕێکخستنی توانای قوتابیان و لاوان، بەرگریکردن لە مافەکانیان و چەسپاندنی گیانی نیشتیمانی و بەرپرسیارییەتی، گێڕاوە. ئەم ڕۆڵە تەنھا لە بواری پەروەردەیی و کۆمەڵگەییدا سنووردار نەبووە، بەڵکوو درێژبووەتەوە بۆ گۆڕەپانەکانی خەبات و شۆڕش. زۆرێک لە ئەندامەکانتان پێشمەرگایەتییان کردووە و لەپێناو ئازادی کوردستان و شکۆی گەلەکەیدا، شەھیدیان داوە. بەشداریتان لە ئامادەکردنی چەندین نەوەی کادیراندا کردووە کە بوونەتە سەرکردە و کەسانی کاریگەر لە ژیانی سیاسی، حکوومی و خزمەتگوزاری گشتی دا.

قوتابیان و لاوان، لە مێژووی درێژی خەباتدا، ھەمیشە سەلماندوویانە کە باوەڕیان بە بەھاکانی گۆڕانکاری، پێشکەوتن و ئازادی ھەیە. ئەوان تەنھا چاودێری گۆڕانکارییەکان نەبوون، بەڵکوو لە ھەموو بوارەکاندا، درووستکەریان بوون. ئێستاش دروشمی کۆنگرەکەتان: "پەروەردە، زانست، تێكۆشان" تەنھا وشە نییە، بەڵکوو نەخشەڕێگایەکە کە گوزارشت لە تێگەییشتن و ڕۆڵ و ئەرکتان دەکات. بۆیە لەو دۆخە ھەستیارەی کە ناوچەکە بەگشتی تیایدایە، ڕۆڵتان لە پشتگیریکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و زانستی، بەرزکردنەوەی ھۆشیاری قوتابیان و لاوان و داکۆکیکردن لە ماف و داواکارییە ڕەواکانیان بە گیانێکی ھۆشیار و دووربینەوە، گەورەتر دەبێت.

داھاتووی ووڵات لە ئەستۆی ئێوەدایە، بۆیە دەبێ نموونە بن بۆ نەوەکانی داھاتوو و بە گیانێکی پڕ لە ھیوا و متمانەوە سەیری دواڕۆژ بکەن. خۆتان بە زانست و زانین و تەکنۆلۆژیا چەکدار بکەن و لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی سەردەمی نوێدا، بگونجێنن. ئێوە پردی پەیوەندی نێوان لاوان و قوتابیانی کوردستان و جیھان و دەنگی ئەوانن لە گۆڕەپانەکانی کاریگەری و گۆڕانکاریدا. دوای یەکگرتنەوەتان دەبێ کاری زیاتر بکەن بۆ پارێزگاری لە گیانی ھاوکاری و لێبوردەیی و ھەمیشە بەرگریکار بن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و کرانەوە و کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و ئەو بەھایانەی لە کوردستان شانازییان پێوە دەکەین.

لە کاتێکدا شانازی بە ئەندامیەتی و کارکردن و خزمەتکردنم لە ڕیزەکانی یەکیتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا دەکەم کە بۆ من وەک قوتابخانەیەک وابوو، دڵنیاتان دەکەمەوە وەک ھەمیشە، پشت و پەنا و ھاوکارتانین. لە ھەموو کار و ھەنگاو و ھەوڵێکی دڵسۆزانەتاندا لەپێناو بەرەوپێش بردنی نەوەیەکی ھۆشیار و کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندووی مەدەنی و گۆڕینی توانای لاوان بۆ ھێزێکی کارای بنیاتنەر، پشتوانتانین و لەگەڵتان دا دەبین. 

پیرۆزبایی لە ستافی نوێتان دەکەم، ھیوای سەرکەوتن و بەرەوپێش چوونی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.

ھەر شاد بن.

 

نێچیرڤان بارزانی

٢٠٢٥/٥/١٥

ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە