پەیامی کورد- دیمەشق
، وەزارەتی بەرگری لە حکومەتی سوریا دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند، نیوەشەوی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشیان کردۆتە سەر خاڵەکانی بڵاوبوونەوەی سوپای سوریا لە گوندەواری ڕەقە لە باکووری سوریا، و بەهۆیەوە دوو سەرباز کوژراون و دەست بەسەر چەندین پێگەدا گیراوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگری بە ئاژانسی "سانا"ی ڕاگەیاندووە: "هێزەکانی هەسەدە دوای نیوەشەو هێرشیان کردۆتە سەر خاڵەکانی بڵاوبوونەوەی سوپای عەرەبیی سوریا لە ناوچەی مەعدان لە گوندەواری ڕەقە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێرشەکان "بووەتە هۆی کۆنترۆڵکردنی چەند پێگەیەک لەلایەن هەسەدەوە دوای بۆردومانێکی توند بە جۆرە جیاوازەکانی چەک، ئەوەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو سەربازی سوپا و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە".
فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگری ڕوونیکردەوە کە هێزەکانی سوپا "وەڵامی سەرچاوەکانی تەقەکەیان داوەتەوە و هێرشێکی پێچەوانەی ڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە کە بووەتە هۆی کۆنترۆڵکردنەوەی پێگەکان و دەرکردنی هێزە دەستدرێژیکارەکان".
وەزارەتەکە هەسەدەی بە بەرپرسیار دانا لە "دەرئەنجامەکانی ئەم دەستدرێژییە کە ڕۆژانە لەسەر خاڵەکانی سوپای عەرەبیی سوریا نوێ دەبێتەوە".
لەلایەکی دیکەوە، هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە کە هێزەکانیان "مامەڵە لەگەڵ ژمارەیەک پێگە دەکەن کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە بیابانی 'غانم عەلی' لە ڕۆژهەڵاتی ڕەقە بەکاریهێناون، بۆ هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بە ئاڕاستەی خاڵەکانی جێگیربوونیان".
ڕۆژی چوارشەممە، هەسەدە ڕایگەیاند "دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە جۆری درۆن لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی ڕەقە لە باکووری سوریا خستۆتە خوارەوە"، و ڕوونیکردەوە کە سەرچاوەکەیان "خاڵەکانی جێگیربوونی هێز و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بووە لە میحوەرەکانی یەکێک لە گوندەکان".