هەسەدە خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لادێی ڕەقە ڕاگەیاند

Dîroka Belavkirin :
هەسەدە خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لادێی ڕەقە ڕاگەیاند


پەیامی کورد- ڕەقە

هێزەکانی سوریای دیموکرات دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی ڕەقە لە باکووری سوریا خستووەتە خوارەوە، ڕوونیشیکردەوە کە سەرچاوەکەیان لە "پێگەی هێز و کوتلەکانی سەر بە حکومەتی سوریایە".
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە "نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەکانمان دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستە خوارەوە کە لە پێگەکانی فراکسیۆنەکانی حکومەتی دیمەشقەوە سەرچاوەیان گرتبوو لە جەرگەی گوندی غانم ئەلعەلی لە لادێی ڕۆژهەڵاتی ڕەقە، کە ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن فراکسیۆنە حکومییەکان و لقەکانیانەوە هێرشیان کراوەتە سەر".
ڕوونی کردەوە کە "یەکەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوان فڕۆکەی ماتریس ئێم ٣٠ بووە و دووەمیش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری FPV بووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە "دوای دەستەبەرکردنی پاشماوەی دوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە و گەیشتنیان بە شوێنی ئامانج، تیمە تەکنیکییەکان توانیان داتاکان لە کارتی بیرگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ماتریس ئێم ٣٠ دەربهێنن و شیکاری بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم داتایانە تێوەگلانی چەند کوتلەیەکی حکومەتی دیمەشق پشتڕاست دەکەنەوە لە هاوکاریکردن لەگەڵ توخمە بیانییەکانی سەر بە داعش، ئەمەش وایان لێدەکات کە پێگە و خاڵەکانی جێگیرکردنیان بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی و هێرشکردن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەمەش ڕێگە بە داعش دەدات تواناکانی خۆی بە شێوەیەکی مەترسیدارتر لە پێشووتر ئاوەدان بکاتەوە."