ئەمریکا بە گەورەترین پاکێجی سزا تۆڕێکی نەوتی کوڕی بەرپرسێکی باڵای ئێرانی کردە ئامانج

ئەمریکا بە گەورەترین پاکێجی سزا تۆڕێکی نەوتی کوڕی بەرپرسێکی باڵای ئێرانی کردە ئامانج
پەیامی کورد   ...   ئەمریکا بە گەورەترین پاکێجی سزا تۆڕێکی نەوتی کوڕی بەرپرسێکی باڵای ئێرانی کردە ئامانج

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر زیاتر لە ١١٥ کەس و قەوارەی پەیوەست بە کەرتی نەوت و کەشتیوانی ئێران دا سەپاند، کە بە گەورەترین پاکێجی سزا دادەنرێت لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە.

ئامانجی سەرەکی سزا نوێیەکان، تۆڕێکی گواستنەوەی نەوتە کە لەلایەن محەمەد حوسێن شەمخانی، کوڕی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێرانەوە، بەڕێوەدەبرێت. پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٠دا سزای بەسەر عەلی شەمخانی (باوکی)دا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاگەێندراوی وەزارەتەکە، محەمەد حسێن شەمخانی بە بەکارهێنانی پێگەی باوکی، تۆڕێکی ئاڵۆزی لە کۆمپانیا دامەزراندووە بۆ گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران و ڕووسیا بۆ کڕیارانی جیهانی و ساڵانە دەیان ملیار دۆلار قازانجی کردووە. بۆ شاردنەوەی چالاکییەکانیشی، پەنای بۆ بەکارهێنانی ناوی خوازراو، پاسپۆرتی بیانی و کۆمپانیای وەهمی بردووە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکراشی کردووە کە کۆمپانیاکانی کوڕەکەی شەمخانی پێشتریش "کەرەستەی سەربازییان" لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیا گواستووەتەوە.

کۆمپانیا سزادراوەکان بنکەکانیان لە ووڵاتانی وەک ئیمارات، تورکیا، سەنگاپوور و پەنەما بووە و بەم سزایانەوە، ژمارەی ئەو کەس و قەوارە ئێرانیانەی ئەمساڵ سزا دراون، گەیشتە زیاتر لە ٥٠٠.

ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە