بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلەی ڕێشتەر ڕووسیای هەژاند

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلەی ڕێشتەر ڕووسیای هەژاند
پەیامی کورد   ...   بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 8.8 پلەی ڕێشتەر ڕووسیای هەژاند

بەرەبەیانی چوارشەممە، بە گوڕی 8.8 پلەی ڕێشتەر، شەپۆلی سۆنامی بوومەلەرزەیی کە بەرزییەکەی لە سێ بۆ چوار مەترەوە بووە، بەشێک لە نیمچە دوورگەی کامچاتکای ڕووسیای گرتەوە.

ڕووسیا، ژاپۆن، ئەمریکا و چەند ووڵاتێک کە هاوسنوورن یان دەکەوێتە ناو زەریای هێمن، هۆشداری سۆنامییان بڵاو کردەوە.

دەستەی ژێئۆفیزیکی ئەکادیمیای زانستی ڕووسیا پشتڕاستی کردەوە، بوومەلەرزەکەی چوارشەممە، لە دوای بەهێزترین بوومەلەرزەی ساڵی 1952 بووە و شەپۆلی مەترسیداری سۆنامی بەدرێژایی کەنارئاوەکانی لێکەوتووەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوەش کراوە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بوومەلەرزەیە، پێویستە چاوەڕێی نزمبوونەوەی بەهێزی بوومەلەرزەکە بکەین، کە ئەگەری هەیە بگاتە 7.5 پلەی ڕێشتەر". "پێشبینیش دەکرێت بوومەلەرزە گەورە و بەرچاوەکان تا 7.5 پلە بۆ ماوەی مانگێکی دیکە بەردەوام بن".

بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 19.3 کیلۆمەتر و نزیکەی 136 کیلۆمەتر لە شاری پترۆپاڤلۆڤسک-کامچاتسکی پایتەختی ناوچەی کامچاتکاوە ڕوویداوە.

ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە