سوپای ئیسرائیل : حەماس هاوکارییە مرۆیییەكان بەتاڵان دەبات

پەیامی کورد ... سوپای ئیسرائیل : حەماس هاوکارییە مرۆیییەكان بەتاڵان دەبات
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژ، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە كە ڕۆخساری ڕاستەقینەی کردەوەکانی گرووپی تیرۆریستی حەماس بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی غەززە ئاشکرا دەکات.
لە گرتە ڤیدیۆیەكدا كە لەلایەن سەرچاوەکانی سوپاوە تۆمار کراوە، دەردەكەوێ كەسانی چەكدار کە ئیسرائیل بە پەیوەندی بە حەماسەوە دەیانناسێنێت، ئەو هاوكارییە مرۆییانەی دەچنە غەززەوە بەزۆر تاڵان دەكەن و ڕێگری دەكەن لەوەی بە دەستی ئەو خەڵكە بگات كە پێویستییان پێیەتی.
ووتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، حەماس لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی بانگەشەی "برسییەتی بە ئەنقەست" لە غەززە، هەوڵی داوە ئیسڕائیل لەكەدار بكات، بەڵام لە ڕاستی دا خودی ئەو گرووپە تیرۆریستییە بەربەستی سەرەکی لە بەردەم گەیاندنی یارمەتییەکانە.
لە ڕاگەێندراوەکەی سوپادا هاتووە: “ئەو کەسانە کە حەماس وەک هێزی ئەمنی دەیانناسێت، لە ڕاستی دا ئەندامی چەکداری ئەو گرووپەن کە بۆ دەست بەسەرداگرتنی بارەكانی هاوكارییە مرۆییەكان دەست بەكار بوون”.
سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گرتە ڤیدیۆیی یە بەڵگەیەكی دیكەیە لەسەر ئەوەی کە نەک هەر بانگەشەکانی حەماس سەبارەت بە قەیرانی مرۆیی درۆیە، بەڵکوو ئەو گرووپە بە دەست بەسەرداگرتنی یارمەتییەکان، خەڵکی غەززە بۆ ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی خۆی بە بارمتە دەگرێت.





