چالاکی گومانئاوی لە دامەزراوەی ئەتۆمی ئیسفەهان؛ هۆشداری نوێی ئەمریکا بە کۆماری ئیسلامی

چالاکی گومانئاوی لە دامەزراوەی ئەتۆمی ئیسفەهان؛ هۆشداری نوێی ئەمریکا بە کۆماری ئیسلامی
پەیامی کورد   ...   چالاکی گومانئاوی لە دامەزراوەی ئەتۆمی ئیسفەهان؛ هۆشداری نوێی ئەمریکا بە کۆماری ئیسلامی

دەیوید ئۆلبرایت، بەڕێوبەری دامەزراوەی “زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی” لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، بە پشت بەستن بە وێنەی مانگی دەستکرد، چالاکی نوێ لە یەکێک لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی توونێلەکانی دامەزراوەی ئەتۆمی ئیسفەهان دەستنیشان کراون. ئەم جمۆجووڵانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە کە لەو ماوەیەدا دامەزراوەکانی ئیسفەهان و نەتەنز و فۆردۆ کراونەتە ئامانج، ڕوویان داوە.

بە ووتەی ئۆلبرایت، دەروازەی چوونە ژوورەوەی باکووری توونێلی ئیسفەهان کە پێشتر بو خاك پڕ ببوو، ئێستا کراوەتەوە و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەوێدا تۆمار کراوە. هەروەها لە وێنەكاندا بوونی ئامێری قورس و پاککردنەوەی پاشماوە لە دەوروبەری بینا سەرەکییەکانی شوێنی ئیسفەهان دەردەكەون.

لە لایەکی دیکەوە، لە دامەزراوەی فۆردۆ، درووستکردنی ڕێگایەکی نوێ لە گۆڕێدایە، کە بە ووتەی شارەزایان دەكرێت، نیشانەیەک بۆ هەوڵدان بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە یان فراوانکردنی چالاکییەکان بێت.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیەوێت دامەزراوە ئەتۆمییەکانی زیندوو بکاتەوە، ئێمە بە مەیل و بە شێوەیەكی ئاشکرا، جارێکی دیکە دەیانكەینە ئامانج”.
 

ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە