پەیامی کورد ... ڕوونکردنەوەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ جزیری بۆتانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست ھاتنە ئاراوە، کە دڵگرانی لێکەوتەوە."
دەقی روونکردنەوەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
سەردانی مێژوویی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگەی شڕناخ و دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپوزیۆمی مەلای جزیری و دەربڕینی پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە لایەن دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەت و خەڵکی ناوچەکە لە بەڕێزیان کرا، جێگەی سوپاس و پێزانینە.
بەڵام دواتر لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست ھاتنە ئاراوە، کە دڵگرانی لێکەوتەوە.
ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە ئارادایە.
پرۆسەی ئاشتیش ھەنگاوێکی درووستە لە چارەسەرکردنی پرسێکی گرینگ و ھەستیار و دەستخۆشی لە حکوومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا و ھەموو لایەک دەکەین کە ڕۆڵی کاریگەریان ھەبووە لە بەرەوپێش بردنی ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا.
بە پێویستی دەزانین ھەموو لایەکمان بە ھاوکاری یەکتر، ھەوڵی ڕواندنەوەی نیگەرانیەکان بدەین و جەخت لە قووڵترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیھێنانی ئاشتەوایی و پاراستنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە بکەین.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/١٢/٤