بەشەبەنزینی دھۆکیش لە لایەن حکوومەتی ھەرێم ەوە زیاد کرا

پەیامی کورد ... بەشەبەنزینی دھۆکیش لە لایەن حکوومەتی ھەرێم ەوە زیاد کرا
بەڕێوبەری سووتەمەنی دھۆک دەڵێ، دوای ئەوەی لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا بەشەبەنزینی دھۆک و زاخۆ کەمی کردبوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشە بەنزینی بۆ زیاد کردوونەتەوە و ئێستا رۆژانە نزیکەی ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزینمان بۆ دابین دەکرێت.
کارزان رەئووف، بەڕێوبەری سووتەمەنی دھۆک، ڕایگەیاند، بەھۆی ڕووداوەکانی ئەم دوایی یەی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا بەشەبەنزینی پارێزگای دھۆک و زاخۆش بۆ ٢٨٨ ھەزار لیتر بەنزین کەمی کردبوو، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشەبەنزینی حکوومی بۆ زیاد کردووین بۆ ٤٦٨ ھەزار لیتر لە رۆژێکدا، بۆیە ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی لە رۆژانی داھاتوودا زیادبوونی بەشەبەنزینی حکوومی لە دھۆک و زاخۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخەکەی دروست بکات.
کارزان رەئووف ووتیشی، لە ئێستادا لە پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رۆژانە لە ١٣ بەنزینخانە بەنزینی حکوومی پاڵپشتیکراوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، کە لیتری بە ٧٥٠ دینارە، ئەمەش کاریگەری زۆر باشی دەبێت بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لە پارێزگای دھۆک و زاخۆ هەرزان بێت، چونکە ماوەیەک بوو بەشەبەنزینمان کەمی کردبوو و ئێستا جارێکی دیکە بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
دەشڵێت، چەند بەنزینی زیاتری حکوومی لە بەنزینخانەکان دابەش بکرێت، ئەوەندە کاریگەری زیاتر درووست دەکات لەسەر نرخی بەنزینی بازرگانی، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناویەتی.
ھەفتەی ڕابردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشەبەنزینی حکوومی لە پارێزگای ھەولێریش زیاد کرد و رۆژانە لە ھەولێر لە ٥٠ بەنزینخانە بەنزینی حکوومی دابەش دەکرێت، چوونکە لە ماوەی ڕابردوودا لە ھەردوو پارێزگای دھۆک و ھەولێر بەشەبەنزینی حکوومی کەمی کردبوو.
ئەم بابەتە 25 جار خوێندراوەتەوە




