سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی شێخەكان و كەسایەتی هۆزەكانی عێراق کرد

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی شێخەكان و كەسایەتی هۆزەكانی عێراق کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی شێخەكان و كەسایەتی هۆزەكانی عێراق کرد

دووشەممە 11ی ئابی 2025 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی شێخەكان و كەسایەتی هۆزەكانی پارێزگاكانی عێراق کرد .

لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و ڕۆڵی هۆزەكانی عێراقی لە پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و ڕۆحی پێكەوەژیان لەنێوان ڕۆڵەكانی نیشتیمان بەرز نرخاند.

هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان جەختیان لە بڕوای پتەوی خۆیان لەمەڕ یەكڕیزی عێراقییەكان كردەوە وەك بنەمایەك بۆ سەقامگیری و هەروەها دیالۆگشیان وەك باشترین ڕێگە بۆ چارەسەركردنی  كێشەكان لە قەڵەم دا. هەروەها شاندی میوان پشتگیریی خۆیان بۆ ڕوانگەی مەرجەعیەتی باڵای ئائینی لە نەجەفی ئەشرەف دووپات كردەوە كە چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەت دا بێت و یاسا باڵادەست بێت و دادپەروەری لەنێوان هاووڵاتیان بەدی بێت. هەروەها شاندی میوان هەر جۆرە دەستێوەردانی دەرەكییان لە كاروباری عێراق ڕەت كردەوە و جەختیان لەوە كردەوە كە عێراقییەكان ئەو تواناییەیان هەیە كە كێشەكانیان لە ڕێگەی دیالۆگ و یەكترقبووڵكردن دوور لە جەمسەرگیرییە هەرێمی و دەولییەكان چارەسەر بكەن.

لە كۆتایی دیدارەكەدا  بەشداربوان جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و پەیوەندی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق و كاركردن لەپێناو عێراقێكی فیدڕاڵی و سەقامگیر و ئاسوودە كردەوە كە تێیدا پارێزگاری لە كەرامەتی هەموو هاووڵاتیان دەكرێت لە هەولێر هەتا بەسڕە و لە مووسڵ هەتا ناسریە.

ئەم بابەتە 30 جار خوێندراوەتەوە