وەزیری تەندرووستی : نرخی دەرمان بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠% دابەزیوە

وەزیری تەندرووستی : نرخی دەرمان بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠% دابەزیوە
پەیامی کورد   ...   وەزیری تەندرووستی : نرخی دەرمان بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠% دابەزیوە

وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەێنێت، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاکسازی دەرمان دا شۆڕشێک ئەنجام دراوە و جگە لەوەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ھەموو بەبێ کۆنتڕۆڵی دەرمان ناچێتە بازاڕ، نرخی دەرمانیش بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠% دابەزیوە و بڕیارە لە قۆناغی دووەم دا داشکاندنی دیکەش بکرێت.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، شانازییەکی گەورەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە کە شۆڕشێک لە چاکسازی دەرمان دا ئەنجام دراوە دوای دەیان ساڵ لە بوونی دەرمانی نایاسایی و قاچاغ و دوور لە چاوی حکوومەت، کە توانرا بە پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو شۆڕشە لە چاکسازی دەرمان سەرکەوتوو بێت.

د. سامان ووتیشی، ھەر کارگەیەکی دەرمان لە ھەر ووڵاتێکی دنیا ھەیە تۆمارێکی بۆ درووست کراوە و پڕۆسەکە زۆر ووردە لەسەر بنەمای چەندین پێوەر و بڕوانامەی نێودەوڵەتییە و دووەم بەرھەمەکە تۆمار دەکرێت و مەرج نییە ھەموو بەرھەمێک لە تۆماری ھەرێمی کوردستان دەربچێت، ئەمەش قۆناغی دووەمە تۆمار دەکرێت و سێیەم بەکارھێنانی سەرچاوە نێودەوڵەتییەکانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمان، کە چەندین سەرچاوەی نێودەوڵەتی ھەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمان و کۆمەڵێک بڕوانامەی نێودەوڵەتی دیاری کراون و ھەر کۆمپانیایەک خاوەنی ئەو بڕوانامە نێودەوڵەتیانە نەبێت، بەدڵنیایی یەوە لێی وەرناگیرێت، بۆیە ئەوەی لەم پرۆسەیە دەرنەچووبێت نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت، کە بابەتی پشکنین و تاقیگەکەکان و بەکارھێنانی پێداویستی تاقیگەش، بە شێوەی سەردەمیانە و بەپێی پێوەرەکانە.

بەرزنجی ڕوونیشی کردەوە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان لە بازاڕ تا ھاووڵاتی لێی دڵنیا بێتەوە، بەپێی مۆری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەناسرێت لە ڕێگەی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی دژی ساختەکردن و بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیای ھەرەپێشکەتووی دژەساختە و ستیکەریش لە ھەموو دەرمانێک دەدرێت تاوەکوو خوێندنەوەی بۆ بکرێت بە شێوەی ئەلیکترۆنی، بۆ ئەوەی بزانێت لە کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان دەرچووە و نرخیشی لەسەرە، کە نرخ دانان پڕۆسەیەکی قورسە و خۆشبەختانە توانیمان لە پڕۆسەی نرخدانان وەکوو یەک بێت و لەم پرۆسەیەدا داشکاندنیش کراوە لە دەرمان بە نزیکەی ٢٠%، وەکو نموونە لە ساڵی ڕابردوو کۆی ئەو دەرمانانەی ھاتوونەتە ھەرێم بەراورد بە ساڵانی پێشوو ٢٣٩ ملیار دینار داشکاندنی بۆ کراوە، ئەوەش بۆ ھاووڵاتی گەڕاوەتەوە، کە ئەمە قۆناغی یەکەمە و قۆناغی دووەمیش بەڕێوەیە بۆ داشکاندنی زیاتر.

وەزیری تەندروستی ھەروەھا ئاماژەشی دا، بۆ بەدواداچوونی ناو بازاڕ تیمەکانی پشکنین بەدواداچوون بۆ کۆمپانیا و کۆگا و دەرمانخانەکانیش دەکەن و ئەگەر یەک پاکەت دەرمانیش ھەبێت پێچەوانەی بڕیار و ڕێنمایی یەکان، بە سەرپێچی گەورەی دەزانین و تاوانە، بۆیە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و دادگا و داخستن دەکرێنەوە و وەرگرتنەوەی مووڵەتیش ھەبووە و لە ساڵانی ڕابردوودا ئەمە زۆر کراوە و ھۆکارێکیشە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دەرمان، بۆیە ئێستا دەرمان لە ھەرێمی کوردستان کوالێتی باشە، چوونکە ئەوەی دەرمانی باش نەبێت تاوانی دژە مرۆڤایەتییە، بۆیە ئێستا ٩٩%ی دەرمانی ھەرێمی کوردستان دەرمانی کوالێتی و یاساییە و لە ھەموو پشکنینەکان دەرچووە و ھاووڵاتیان ئێستا ئاسوودەن لە ڕووی نرخیشەوە، کە دەرمانی نەخۆشیی دڵ  ھەبووە پێشتر بە ٧٠ ھەزار بووە، ئێستا بووەتە ١٥ ھەزار دینار و کێبڕکێش لە نێوان دەرمانخانەکان دروست بووە بۆ ئەوەی بازاڕیان ھەبێت.

ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە