حکوومەت ئەو گەنمەی وەریدەگرێت بۆ ئەو جۆرە خۆراکانە بەکاری دێنێت

حکوومەت ئەو گەنمەی وەریدەگرێت بۆ ئەو جۆرە خۆراکانە بەکاری دێنێت
پەیامی کورد   ...   حکوومەت ئەو گەنمەی وەریدەگرێت بۆ ئەو جۆرە خۆراکانە بەکاری دێنێت

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگای دوو کۆمپانیا دەستی بە وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران کردووە، گەنمەکەش بۆ کارگەکانی خۆمان بەکار دێنێت و چەندین جۆری خۆراکی لێ دروست دەکرێت."
د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "ماوەیەکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی گەنمی جووتیاران ئەو گەنمەیان لێ وەردەگرێت کە بەغدا وەریناگرێت، حکوومەت ماوەیەکە لەڕێگەی دوو کۆمپانیاوە دەستی بە وەرگرتنی گەنم کردووە و تاوەکوو ١٥ی مانگی داھاتووش بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی ئەو جووتیارانەی گەنمیان ھەیە بێن ڕادەستی بکەن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە نرخێکی گونجاو لێیان دەکڕێت، بۆیە تا پرۆسەکە کۆتایی نەیەت دیار نیە چەند ھەزار تەن گەنم لە جووتیاران وەردەگرن."
د.محەمەد شوکری ووتیشی "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو گەنمە دەداتە کارگەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، چەندین جۆری خۆراکی لێ بەرھەم دێنن، وەکو ئارد، بڕووش، گەنمە کوتا، ساوار و بەشێکیشی دەکرێتە ئالف بۆ کەرتی ئاژەڵداری لە ھەرێمی کوردستان، چونکە کارگەی ستراتیژیمان لە ھەولێر، دھۆک و سلێمانی ھەیە، بۆیە ئەو گەنمەی وەردەگیرێت ھەمووی بۆ پێداویستی ناوخۆ بەرکاردێت، چوونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامانجیەتی لەجیاتی ھاوردەکردن بەرھەمەکان لە ناوخۆ بەرھەم بێن."

ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە