سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد

پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد
سێشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە پاتریك دورێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە یان برێم كونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو. باڵیۆزی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەشداربوونیان لە مەڕاسیمی کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس و ئەمەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناوبرد لەپێناو قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان گەل و حکومەتی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان. هەروەها کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگەی لە پاریس بە هێمای ڕێز و پێزانینی گەلی فەڕەنسا وەسف کرد بۆ قوربانیدان و ڕۆلی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە.
هەروەها پشتیوانی ووڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسا و شارەوانی و سەرۆکی شارەوانی پاریس ی کرد لە پێناو ئەو بڕیارە مێژوویی یەی بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لەناو جەرگەی پاریس دایان و ئەوەی بە سیمبۆڵێک بۆ تێکۆشان و قوربانیدانی پێشمەرگە لە پێناو ئازادی دا وەسفکرد.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد کە سەرەڕای سەرنجی زۆرمان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە کەموکوڕی زۆری تێدایە بەشداری هەڵبژاردن دەکەین، گرینگە دوای هەڵبژاردن هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی دەیانەوێت شەفافیەت لە هەڵبژاردن دا هەبێت پێکەوە کار لەسەر دەرکردنی یاسایەک بکەن بۆ هەڵبژاردنەکان کە یەکسانی و دادپەروەری تێدابێت، چونکە ئەم یاسایەی ئێستا کاری پێدەکرێت یاسای ساڵی 2010یە و ئەوکات بەلێنمان پێدرا کە مادەی 140ـی دەستوور جێبەجێ بکرێت و یاساکەش بۆ تەنها یەک خوڵی هەڵبژاردن کاری پێ بکرێت، بەڵام ئەم یاسایە تا ئێستا بەردەوامە و بەڵێنەکانیش جێبەجێنەکران.
پێشهات و گۆڕانکارییەکان بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی سوریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتیی لە تورکیا تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.
ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە




