مهسروور بارزانی : پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی جێ بەجێ بکات

پەیامی کورد ... مهسروور بارزانی : پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی جێ بەجێ بکات
مهسروور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان له ساڵیادی داگیركردنی شنگالدا لهلایهن تیرۆریستانی داعشهوه پهیامێكی بڵاو كردهوه.
له پهیامهكهی سهرۆكی حكوومهتدا هاتووه، پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی جێبەجێ بکات و خوشک و برا ئێزدییەکانمان قەرەبوو بکاتەوە."
دهقی پهیامهكهی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان:
لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعش ەوە، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆریستانی داعش دەکەینەوە کە زام و برینێکی قووڵ و ساڕێژ نەبووە لە مێژووی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی.
لە یادی ئەم کارەساتەدا، پێویستە بەڕێزەوە یادی گیان فیدایی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بکەینەوە کە بە سەرکردایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، شنگال و دەوروبەریان ئازاد کرد، هەروەها سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارێزگەی دهۆک و دەڤەری بادینان بەتایبەتی دەکەین لە بە هاناوەچوون و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان.
حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ڕفێندراوانەی کە تا ئێستا ئازاد نەکراون و دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان. هەروەها درێژەدان بە پاڵپشتی دارایی ڕزگاربووان و هاوکاریکردن و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەوانەی بە هۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، هێشتا هەر لە کەمپەکان دا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕینەوە ناوچەکانیان.
لەم یادە خەمگینەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی جێبەجێ بکات و خوشک و برا ئێزدییەکانمان قەرەبوو بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەکدار و ملیشیاکان لە دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە. کە بە داخەوە بە هۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و بە هۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنییەوە بەسەر شنگال دا سەپێندراوە، نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاری پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت.
لە ساڵیادی جێنۆسایدی شنگالدا، سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2025/8/3
ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە




