پەیامی سەرۆك بارزانی لە یازدەهەمین ساڵیادی كارەساتی شنگال

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یازدەهەمین ساڵیادی كارەساتی شنگال
پەیامی کورد    ...   پەیامی سەرۆك بارزانی لە یازدەهەمین ساڵیادی كارەساتی شنگال

لە 11 ساڵەی کارەساتی شنگال، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا دووپاتی دەکاتەوە، ئەوەی لەدژی خوشك و برایانی ئێزیدی ڕووی دا درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەساتانەیە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون، سەرۆک بارزانی دەشڵێت، قەدەری گەلی كورد ئەوە بووە كە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و كارەسات لەدوای كارەسات بەرۆكی گەلی كوردستانی گرتووە. 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان 

ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش یازدە ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا،  تاوانێك بوو هەموو سنوورەكانی نامەردی و دڕندەیی تێپەڕاندبوو، ئەمە ئازارێكە هەرگیز لە یادمان ناچێت. 

قەدەری گەلی كورد ئەوە بووە كە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و كارەسات لەدوای كارەسات بەرۆكی گەلی كوردستانی گرتووە. 

ئەوەی لەدژی خوشك و برایانی ئێزیدی ڕووی دا درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەساتانەیە كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجام دراون. 

لای هەموو كەسێك ڕوونە ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران. لەدوای ڕوودانی ئەو كارەساتە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، گەلی كوردستان و پێشمەرگە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ خوشك و براكانیان بوون و ئەوەی لەدەستیان هات بۆ ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال ئەنجامیان دا. لێرەدا ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هەموو ئەو قارەمانانە بەرز دەنرخێنین كە مێژووییەكی پڕشنگداریان تۆمار كرد و بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش كردەوە و سەری تیرۆریستانیان خستە ژێر پێی ئێزیدییەكان. هەروەها زۆر سوپاسی هێزەكانی هاوپەیمانان دەكەین كە لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و تێكشكاندنی داعش ڕۆڵێكی بەرچاویان بینی. لە یازدەهەمین ساڵیادی كارەساتی شنگال دا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە و هەموو ئەو تاوان و كۆمەڵكوژی یانە دەنێرین كە بەسەر گەلی كوردستان دا هاتوون. 

پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی كارەساتی شنگال و هەموو ئەو جینۆسایدانە بكات كە دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراون. دەبێ كۆتایی بەو هزر و ڕەفتارە شۆڤینیانە بێت كە هەرجارە و بە بیانوویەك و بە عەقڵیەتێكی نامرۆڤانە و نكۆڵیكار ئازاری گەلی كوردستان دەدەن.

 

مەسعوود بارزانی

3ی ئابی 2025

ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە