مەزڵووم عەبدی لەگەڵ سەرۆک هۆزەکانی دێرەزۆر، ڕەققە و حەسەکە کۆبووەوە

پەیامی کورد ... مەزڵووم عەبدی لەگەڵ سەرۆک هۆزەکانی دێرەزۆر، ڕەققە و حەسەکە کۆبووەوە
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک هۆز و ئەندامانی ئەنجومەنە خۆجەیی یەکانی پارێزگاکانی دێرەزۆر، ڕەققە و حەسەکە، هەڵوێستی نەگۆڕی هێزەکەیانی دووپات کردەوە.
بەپێی زانیارییەکان لە سەرچاوەیەکی نزیک لە هەسەدە، مەزڵووم عەبدی جەختی کردووەتەوە کە ئەوان چاوەڕێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ "ئەحمەد شەرع" دەکەن، نەک ئەو بابەتەی کە باس لە چوونەناو چوارچێوەی سوپای سووریاوە دەکات.
هەروەها ڕوونیشی کردووەتەوە کە هەسەدە قبووڵی ناکات حکوومەتی سووریا ویستی خۆی بەسەریان دا بسەپێنێت و تەنها بەپێی بنەما یاساییەکان دەچنە ناو ڕیزەکانی سوپاوە، ئەویش بەو مەرجەی مافی هەموو پێکهاتەکان و بەشدارییەکی دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەک لە حکوومەت دا پارێزراو بێت.
فەرماندەی هەسەدە دووپاتیشی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناکشێنەوە و ناوچەکانیان ڕادەستی دەسەڵاتی دیمەشق ناکەن.
ئەم بابەتە 23 جار خوێندراوەتەوە




