شاجوانی فەلەستین بۆ یەکەم جار بەشداری شاجوانی جیهان دەکات

شاجوانی فەلەستین بۆ یەکەم جار بەشداری شاجوانی جیهان دەکات
پەیامی کورد   ...   شاجوانی فەلەستین بۆ یەکەم جار بەشداری شاجوانی جیهان دەکات

نادین ئەیووب یەکەم ژن دەبێت کە نوێنەرایەتی گەلی فەلەستین بکات لە پێشبڕکێی جیهانی شاجوانی جیهان.

لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی یەکشەممە بۆ سی ئێن ئێن نێردراوە، ڕێکخراوی شاجوانی جیهانی ڕایگەیاندووە کە ئەیووب بەشداری پێشبڕکێکانی ساڵی ٢٠٢٥ دەکات کە لە مانگی تشرینی دووەم دا بەڕێوەدەچێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “رێکخراوی شاجوانی جیهان شانازی دەکات بە پێشوازیکردن لە نوێنەرانی جیهان و ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ هەمەجۆری و ئاڵوگۆڕی کولتووری و بەهێزکردنی ژنان”.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "خاتوو ئەیووب چالاکوان و مۆدێلێکی دیار و ناسراوی فەلەستینی، ئەو خۆڕاگری و ئیرادەیە بەرجەستە دەکات کە تایبەتمەندی بەرنامەکەمانن."

ئەیووب بەشداری نوێنەری زیاتر لە ١٣٠ ووڵات و ناوچە دەکات لە ٧٤ەمین پێشبڕکێی ساڵانەی کە بڕیارە ٢١ی ئەم مانگە لە بانکۆکی پایتەختی تایلەند بەڕێوەبچێت.

ڕێکخراوی شاجوانی جیهان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی پێشوازیکردن لە خاتوو ئەیووب دەکەین بۆ قۆناغی شاجوانی جیهان، کە بە شانازییەوە نوێنەرایەتی فەلەستین دەکات و شان بەشانی پێشبڕکێکارانی جیهان دەوەستێت”.

ئەیووب کە ئێستا تەمەنی ٢٧ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا نازناوی “شاجوانی فەلەستین”ی بەدەستهێناوە، بەپێی ڕۆژنامەی ناشناڵ.

ڕۆژی پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نووسیویەتی دەیەوێت ببێتە دەنگێک بۆ گەلی فەلەستین و دەشڵێت: "لە کاتێکدا فەلەستین ئازار دەچێژێت - بە تایبەت لە غەززە - من نوێنەرایەتی دەنگێک دەکەم کە بێدەنگ نابێت. من نوێنەرایەتی ژن و منداڵانی فەلەستین دەکەم، کە جیهان پێویستی بە بینینی هێزەکانیان هەیە."

ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە