پووتین ئەگەر سەردانی سویسڕا بکات بۆ دانووستانەکانی ئاشتی پارێزبەندی پێ دەدرێت

پووتین ئەگەر سەردانی سویسڕا بکات بۆ دانووستانەکانی ئاشتی پارێزبەندی پێ دەدرێت
پەیامی کورد   ...   پووتین ئەگەر سەردانی سویسڕا بکات بۆ دانووستانەکانی ئاشتی پارێزبەندی پێ دەدرێت

وەزیری دەرەوەی سویسڕا ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆماری ڕووسیا پارێزبەندی دیپلۆماسی وەردەگرێت ئەگەر سەردانی ئەو ووڵاتە بکات بۆ کۆنفرانسی ئاشتی لە ئۆکراین، سەرەڕای فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە.

حکوومەتی سویسڕا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند پارێزبەندی بە ڤلادێمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا دەبەخشێت ئەگەر سەردانی ئەو ووڵاتە بکات بۆ دانوستانەکانی ئاشتی سەبارەت بە ئۆکراین، سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی یەوە دەرچووە.

ئیگناسیۆ کاسیس، وەزیری دەرەوەی سویسڕا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند، "ساڵی ڕابردوو حکوومەت ڕێسایەکی دامەزراند بۆ پێدانی پارێزبەندی بە کەسێک کە لەژێر فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دایە، ئەگەر ئەم کەسە بۆ کۆنفرانسی ئاشتی بێت - نەک بە هۆکاری کەسی - پارێزبەندی بەسەریدا دەگونجێت".

پێشتر ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پێشنیاری کردبوو کە کۆبوونەوەی نێوان پووتین و ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین لە ئەورووپا و لە ووڵاتێکی بێلایەنی وەک سویسرا بەڕێوەبچێت.

وەزیری دەرەوەی سویسرا هەروەها ڕایگەیاند کە ووڵاتەکەی بە تەواوی ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە و بە ئاماژەدان بە ئەزموونی دوور و درێژی ئەو ووڵاتە بێ لایەنە لەم ڕووەوە. بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ سویسرا سارد بووەتەوە دوای ئەوەی بێرن خۆی لەگەڵ سزاکانی یەکیتی ئەورووپا بۆ سەر مۆسکۆ هاوتەریب کردووە.

کاسیس دەشڵێت: هەمیشە لە پەیوەندییەکانم دا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ (وەزیری دەرەوەی ڕووسیا) جەختم لەسەر ئامادەیی خۆم کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە، بەڵام پێم ووترا لەوەتەی سویسرا پەیوەندی بە گەمارۆوەکانی ئەورووپاوە کردووە، ڕووسیا بەشێک لە ئامادەیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە لە خاکی سویسرا لەدەست داوە”.

بەپێی ڕێساکانی سویسرا، دەسەڵاتدارانی ووڵاتەکە دەتوانن تایبەتمەندی بۆ گەشتی کەسانی سنووردار بکەن، بەتایبەتی ئەگەر گەشتەکە بە مەبەستی بەشداریکردن بێت لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی دا.

دوایین جار پووتین لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ سەردانی جنێڤی کرد و لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا کۆبووەوە. هاوکات دوایین دانووستانی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین لە ئەستەنبووڵ بەڕێوەچوو و تورکیا سەرەڕای ئەوەی کە ئەندامی ناتۆیە، بەڵام لەلایەن مۆسکۆوە وەک بژاردەیەکی دۆستانەتر سەیر دەکرێت.

ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە