شاندی دانووستانکاری هەرێم سبەی لە بەغدا درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن

پەیامی کورد ... شاندی دانووستانکاری هەرێم سبەی لە بەغدا درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن
چوارشەممە 3ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتادا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد ( دروودی خوای لە سەر بێت) لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان کرد و هیوای خواست ئەم یادە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئاشتی و ئارامی بۆ هەمووان.
پاشان لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر ڕووداوەکانی ئەم دوایی یەی شاری سلێمانی دەربڕی، کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کەس ، سەرۆک وەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی یاسا چارەسەر بکرێن نەک تووندوتیژی.
ئینجا سەرۆک وەزیران داوای لە جێگری سەرۆک وەزیران کرد کە ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕووداوەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بخاتەڕوو.
جێگری سەرۆک وەزیران، بە ووردی باسی رووداوەکانی کرد، کە بەرەبەیانی رۆژی 22ی ئابی 2025 ڕوویاندا، ئاماژەی بەوەش دا؛ هەوڵ هەبووە پشێوی و ئاژاوەی گەورە درووست بکرێت و پیلان هەبوو بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکیتی نیشتمانی کوردستان لە چوار کاتی جیاوازدا، ووتیشی هەر بۆیە ئەوەی کە کرا پووچەڵ کردنەوە ئەو پیلانە ئاژاوەگێڕییە و چەسپاندنی یاسا بووە و ئێستاش ڕێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر بۆ یەکلا کردنەوە ئەو بابەتە.
دواتر ڕێڕەوی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، دەربارەی دۆسیەی پۆڵێن ودەستنیشان کردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، و دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و لەیەکترگەیشتن و کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکان.
هەریەک لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە هەردوو بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان خستەڕوو.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە لیژنەی دانووستانکاری هەرێم کە دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان بەجێگەیاندووە بۆ داکۆکی لە مافی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێم، لە هەمان کات دا ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی دانووستانکاری ڕاسپارد کە لە کۆبوونەوەکانی سبەینێیان کە وا بڕیارە لە بەغدا لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵی ئەنجام بدرێت، بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان و پەلە بکەن لە گەیشتن بە چارەسەری گونجاو لە پێناوی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، بە تایبەتیش کە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای سۆمۆ، کۆنووسی هاوبەشی پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیان واژوو کردووە، و ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، بە زیادەوە کارئاسانی پێویست کراوە بۆ لابردنی بەربەستەکان، و هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ گەیشتنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش هێرشە تیرۆریستەکانی ئەم دوایی یەی سەر کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم.
سەبارەت بە بابەتی هاوبەشی پێکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی ئەم بابەتە، بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی و یاسای بوودجەی عێراقی فیدڕاڵ ڕێکخراوە کە دادگای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردووەتەوە، داواشی کرد لە چوارچێوەی ئەم دوو یاسایە، بابەتی داهاتی نانەوتیش چارەسەر بکرێت هەروەک لە دوا بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیش جەختی لەسەرکراوەتەوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە پێکهێندراوە، تاوەکوو چیتر ئەم دوو بابەتە وەکوو پاساو و بیانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێندرێت کە بە داخەوە ئێستا لە مانگی ئەیلوولین، کەچی تازە مووچەخۆران مووچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ دەنێردرێت کە پێویست بوو مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تێکەڵی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت نەکرێت هەروەک بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردووەتەوە.
ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە




