مەسروور بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا کرد

پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا کرد
مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کریستۆف پرۆمێرشبێرگەر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا، پەیوەندی دوولایەنە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستۆف پرۆمێرشبێرگەر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئەدریان ئایسلستین، کونسووڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بەهێزکردنی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی هۆڵەندای کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە چاکسازییەکانی حکوومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری، بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵی کوردستان.
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی شانشینی هۆڵەندا، ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێم و میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەرانی کرد.
هەروەها ئامادەیی ووڵاتەکەی بۆ زیاتر پێش خستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا، شاندێکی بازرگانی هۆڵەندی، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری سەردانی هەرێم بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و دابین کردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە




