ناڕەزایەتی زیاتر لە ٤٠ زیندانی سیاسی بەرامبەر حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی و ووریشە مورادی

پەیامی کورد ... ناڕەزایەتی زیاتر لە ٤٠ زیندانی سیاسی بەرامبەر حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی و ووریشە مورادی
لە بەیاننامەیەکی هاوبەش دا ٤٤ زیندانی سیاسی، بەرامبەر بە حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی و ووریشە مورادی، سێ زیندانی سیاسی، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و خوازیاری كارددنەوەی خێرای دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بوون.
واژووکاران لەم بەیاننامەیەدا حوکمی لەسێدارەدانیان بە بەشێک لە سیاسەتە سەرکوتكەرەکانی ڕێژیم بۆ دروستکردنی ترس و ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتی جەماوەری زانیوە و نووسیویانە:
لە کاتێکدا کە کاریگەرییەکانی حوکمڕانی تاکڕەوانە ڕۆژانە زیاتر دەردەکەون و بە شێوەیەکی ناکارامە لە کایەی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسی دا زیاتر و زیاتر دەردەکەون، حکوومەت چارەسەرەکە بە چڕکردنەوەی فشار و سەرکوتکردن و دەرکردنی حوکمی سەرکوتكەرانە بە ئامانجی چاندنی ترس و تۆقاندن بۆ ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییە بەربڵاوەکان دەزانێ.
هەروەها ئاماژەیان بە ماددەی سێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کردووە و زەوتکردنی مافی ژیانیان بە کارێکی نامرۆڤانە و پێچەوانەی عەقڵانیەت و شارستانیەت ناوبردووە.
ئەم زیندانییە سیاسی یانە وێڕای ناڕەزایەتی تووند بە سزای لەسێدارەدان، داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ویژدانە بەئاگان كردووە، کە بەپەلە دژی ئەو حوکمە زاڵمانەیە ڕێوشوێنی تایبەت بگرنەبەر.





