"یەک ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان بەشە خۆراکی ڕاگیراوە"

پەیامی کورد ... "یەک ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان بەشە خۆراکی ڕاگیراوە"
نوێنەری وەزارەتی بازرگانی بۆ بەغدا ووتی "بەداخەوە لە بەشە خۆراکی مانگانەش بەغدا غەدر لە ھەرێمی کوردستان دەکات، لای خۆیان ئەوەی شەش مانگ فۆرم پڕنەکاتەوە ئەوکات بەشە خۆراکیان ڕادەگرن، لە ھەرێمی کوردستان تەنیا دوو مانگ پڕنەکاتەوە بەشە خۆراکی ڕادەگرن."
حسێن سەبری، نوێنەری وەزارەتی بازرگانی بۆ بەغدا و بەڕێوبەری پسوولەی خۆراک لە دھۆک، ڕایگەیاند "بەھۆی پڕنەکردنەوەی فۆرمی خۆراک، یەک ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستان بەشە خۆراکی ڕاگیراوە، تاوەکوو فۆرمی خۆراک پڕدەکاتەوە ئاوا دەبێت، ناشزانین چەند مانگ دوا دەکەوێت."
حسێن سەبری ووتیشی "کاتی وادەی پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراک کۆتایی پێهات، ئەوکات پێویستە بچێتە فەرمانگەکان بۆ ئەوەی بتوانێت فۆرمی خۆراک پڕبکاتەوە، ڕێکارەکانیش زۆر بەزەحمەت دەکەون، ئێستا بەئاسانی دەتوانی لە ماڵی خۆت فۆرم پڕبکەیەوە، بەشێک لەوانەی فۆرمیان پڕنەکردووەتەوە تا ئێستا کارتی نیشتمانییان نیە."
سەبری باسی لەوەش کرد "بەغدا ھاوشێوەی مووچە لە بەشە خۆراکی مانگانەش غەدر لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکات، چوونکە لە عێراق ئەوەی تا شەش مانگ فۆرمی خۆراک پڕنەکاتەوە بەشە خۆراکی ڕادەگرن، بەڵام بۆ ھەرێمی کوردستان تەنیا ماوەی دوو مانگیان داناوە، لەوەش جیاوازی دەکەن، بۆیە داواکارین لە خەڵکی خۆمان تاوەکوو کات ماوە فۆرم پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی تووشی گرفت و بڕینی بەشە خۆراکی مانگانە نەبن."
ئەمڕۆ کۆتا رۆژی پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراک بوو، بەڵام تاسبەی کاتژمێر١٢ی شەو ماوەکەی درێژکرایەوە."





